هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا كە دراوسێی عێراقە و ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی داعش لە گرتووخانەكانی هەن و مەترسیی هەڵاتن و دزەكردنیان بۆ ناو خاكی عێراق دەكرێت، دوێنێ موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانیی شیعە وریایی بەپەلەی دا و داوای تۆكمەكردنی سنوورەكانی لەگەڵ سووریا كرد، ئەمڕۆش پەیامێكی نۆ خاڵی راگەیاند.
ئەمشەو سەدر لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، توندڕۆیان لە سووریا گرتووخانەكان دەشكێنن و تیرۆریستان ئازاد دەكەن و ئەوەش ئاستی مەترسییەكان زیاد دەكات، لێرەوە دەبێت داوا لە دەسەڵاتدارانی سووریا بكرێت بۆ رادەستكردنی عێراقییەكانیان بۆ حكوومەتی عێراق، پێویستە حكوومەتی عێراق داوا لە حكوومەتی ئوردن بكات بۆ رادەستكردنی بەپەلەی ئەندامە بەعسییە عێراقییەكان و سەركردەكانیان بە پیاو و ژنەوە، چونكە هاریكارییەك لە نێوان بەعسییەكان و توندڕۆكان هەیە.
زیاتر دەڵێت، كاراكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی شوێنە پیرۆز و گرتووخانەكان و هیتریش، بەرزكردنەوەی حاڵەتی ئامادەسازیی هێزە تەناهییەكان، پێویستە گەلی عێراق وریا بێت و زانیاری لەبارەی هەر كارێكی گوماناوی بە حكوومەت بدات و تێكەڵ بە فیتنەی تایفی نەبێت كە ئاڵۆزییەكانی ناوخۆیی و دەرەكی زیاتر دەكات، بوونی هەر پێشێلكارییەك لە سنوورەكان لە هێنان و بردنی چەك و تیرۆریستان و هیتریش دەخەمە ئەستۆی حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتە خۆجێكانی ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ سووریا.
سەدر دووپاتی لەوەش كردەوە، پێویستە فەرماندە سەربازی و تەناهییەكان لە نزیكەوە چاودێریی راستەوخۆی سنوورەكان و دەروازەكان بكەن و كەمتەرخەمی نەكەن، پێویستە وتارخوێنانی هەینی و مزگەوتەكان دوعا بۆ دووركەوتنەوەی عێراق لە مەترسییەكان بكەن و گەلیش لە مەترسییەكانی تیرۆر و تایفیەت وریا بكەنەوە، هەروەها لێوردبوونەوە و لێكۆڵینەوە لە بوونی سوورییەكان لەسەر خاكی عێراق بكرێت.