لەوكاتەی شیعە لە نێوان خۆیان ناكۆكن و تا ئێستە نەیانتوانیوە كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دیاری بكەن، ئەوە سەرەڕای سازشكردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ نووری مالیكی، كورد و سوننە تێبینیان لەسەر گەڕانەوەی نووری مالیكی بۆ دەسەڵات هەیە، سەرۆكی حزبی تەقەدومی سوننە لەوبارەوە داوایەك لە شیعە دەكات.
لە پۆستێك لە تۆڕی
ئێكس كە زۆرینەی میدیاكان بەوە لێكیان دایەوە كە باسی كاندیدبوونی نووری مالیكی دەكات و رەتی دەكاتەوە، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم نووسیویەتی، چاوەڕوانی ئەوەین برایان لە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی دیاریكردنی ناوی كاندیدی سەرۆكی حكوومەتی نوێ بەچی دەگەن، هیوادارین ئەوان بە هاوشێوەی سووربوونیان لەسەر یەكێتیی چوارچێوە، لەسەر یەكێتی و یەكگرتوویی پێكهاتەكانی تەواوی عێراق سوور بن، ئەوەش لە رێگەی رەچاوكردنی قبووڵكراویی نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی كاندیدەكەیان.
حەلبووسی داوای پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و پاڵپشتیكراو لە لایەن هەموو پێكهاتەكانی گەل كردەوە كە چاوی لە دواڕۆژێكی باشترە، بێ گەڕانەوە بۆ رۆژە ناخۆش و بەئازارەكان لە تەنگژە و ئاڵۆزی و دووبەرەكێ كە تا ئێستەش لە بیر و هزری عێراقییەكان ماوە و شوێنەواری دیارە و سەرەڕای هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی، هەر ماون.
شایەنی باسە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هاتە راگەیاندن كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە سازشی بۆ نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق كردووە، بەڵام تا ئێستە چوارچێوەكە نەیتوانیوە كۆبوونەوە بۆ نەهێشتنی ناكۆكییەكان لەبارەی كاندیدبوونی مالیكی ساز بكات.