شارەزایەك: ستراتیجیەتی سەرەكیی ئەمەریكا دوورخستنەوەی عێراقە لە ئێران

:: PM:09:46:19/01/2026 ‌

لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، ئێران لە رێگەی پێكهاتەی شیعە و هێزە سیاسی و میلیشیاكانیان كۆنترۆڵی بڕیار و حكوومەتی عێراقی كردووە، تا وای لێ هات بگوترێت ئەمەریكا عێراقی لەسەر دەفرێكی زێڕین پێشكەشی ئێران كرد، شارەزایەك دەڵێت، سیاسەتەكانی سەرۆكی ئێستەی ئەمەریكا لەسەر یەك بنەمای جێگیر بنیات نراوە، دوورخستنەوەی عێراق لە ئێران.

نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، لە سایەی مامەڵەنەكردنێكی راستەوخۆ و رژد لەگەڵ دۆسیەی عێراق، تا ئێستە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا عێراق وەك گرنگییەكی سیاسی و ستراتیجی نابینێت، تا ئێستە نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا سەردانی بەغدای نەكردووە و تەنیا زنجیرە تویت و لێدوانێكی گشتی بڵاو كردووەتەوە بێ خستنەڕووی نەخشەرێگەیەكی روون یان بەرنامەیەكی كردەنی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق.

ئەو شرۆڤەكارە پێی وایە ستراتیجیەتی ئەمەریكا بەرانبەر بە عێراق لەوەتەی ترەمپ گەڕاوەتەوە كۆشكی سپی لەسەر یەك پرەنسیپی جێگیر بنیات نراوە، ئەویش جیاكردنەوەی عێراقە لە دۆسیەی ئێران لەسەر هەموو ئاستەكان، ئابووری و دارایی و وزە و تەناهی، بۆ نموونە سزاكانی دوایی ئەمەریكا بۆ سەر ژمارەیەك قەوارە و كەسایەتیی عێراقی ئاراستەی عێراق نەبوو، بەڵكو بەهۆی وابەستەیی ئەوان بوو بە ئێرانەوە، لە رێگەی شكاندنی سزاكانی سەر تاران.

لای خۆیەوە ئەحمەد یاسری توێژەری سیاسی پێی وایە تا ئێستە ئیدارەی ترەمپ بە دوو قۆناغ مامەڵەی لەگەڵ عێراق كردووە، یەكەم/ تا لووتكەی شەرمولشێخ وای دەبینێت عێراق بەشێكە لە دۆخی ئێران، بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ عێراق كراوە وەك درێژكراوەی دەسەڵاتی ئێران، بۆیەش سزا بەسەر قەوارە و كەسایەتییە عێراقییەكان سەپێنراوە، دووەم قۆناغ/ بەر لە چەند مانگێك دەستی پێ كردووە كاتێك ترەمپ باسی نەوتی عێراق و سامانەكەی كرد، هاوكات حكوومەتی عێراق هەڵی راكێشانی وەبەرهێنەرە ئەمەریكییەكان و كردنەوەی دەرگەی بەرژەوەندیی راستەوخۆی ئابووری لەگەڵ واشنتن دا، كەچی ئەو هەوڵانە لە رازیكردنی ترەمپ سەركەوتوو نەبوون.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل