ترەمپ و شەرەع بە تەلەفۆن قسەیان کرد "دەبێت مافی کورد لە چوارچێوەی سووریادا بپارێزرێت"

:: PM:11:06:19/01/2026 ‌
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسی پاراستنی مافەکانی کوردیان تاوتوێ کرد و دووپاتییان لە یەکپارچەییی خاکی سووریا کردەوە.

سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاوی کردەوە، ئەحمەد شەرع ئەمڕۆ دووشەم 19ی کانوونی دووەمی 2026، پێوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجام داوە.

لەو پێوەندییەدا هەردوو سەرۆک دووپاتیان لە گرنگیی پاراستنی یەکپارچەییی خاکی سووریا و سەربەخۆییەکەی کردەوە، هەروەها پشتیوانیی خۆیان بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دەربڕی کە ئامانجیان بەدیهێنانی سەقامگیرییە.

خاڵێکی گرنگی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە پێکهاتەکان، تێیدا هەردوولا لەسەر پێویستیی مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و پاراستنیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا هاوڕا بوون.

هەروەها هەردوو لا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە هاوکاری لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی. سەرۆکی ئەمەریکا و سووریا هیواخوازیی هاوبەشی خۆیان بۆ سووریایەکی بەهێز و یەکگرتوو دەربڕی کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی هەبێت.

لە بەشێکی تری پێوەندییەکەدا باس لە ژمارەیەک دۆسیەی هەرێمی کرا، لەگەڵ دووپاتکردنەوە لەسەر گرنگیی پێدانی دەرفەتێکی نوێ بە سووریا بۆ دەستپێکردنەوە بەرەو داهاتوویەکی باشتر.


وشە - پۆڵا مەحموود