گراهام هۆشداری دەداتە شەرع: ئێمە قەرزاری هەسەدەین و کۆنگرێس کۆ دەبێتەوە

:: PM:11:10:19/01/2026 ‌
لیندزی گراهام سیناتۆری دیاری ئەمەریكا، ڕەخنەی توند لە هەوڵە سەربازییەکانی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا دەگرێت دژی هەسەدە و ڕای گەیاند ئەوان قەرزاری كوردن و دەبێت كۆنگرێس بەپەلە كۆ ببێتەوە.

گراهام لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە دا ناتوانرێت سووریا بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی یەک بخرێتەوە وەک ئەوەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی حكوومەتی سووریا هەوڵی بۆ دەدات.

سیناتۆرە كۆمارییەكە هۆشداریی دا لەوەی ئەو جووڵەیەی هێزەکانی حكوومەتی سووریا دژی ئەندامانی هەسەدە دەیکەن مەترسیی گەورەی تێدایە، بۆیە پێشبینی دەکات کۆنگرێس بخوازێت بەزووترین کات دانیشتن و گوێگرتن لەوبارەیەوە ئەنجام بدات و بە بڕوای ئەویش ئەوە هەنگاوێکی گونجاو دەبێت.


لیندزی گراهام لە کۆتاییدا بیری هێنایەوە كە ئەوە هێزەکانی هەسەدە بوون وەک هێزی پیادە لەسەر زەوی شەڕیان کرد کاتێک سەرۆک ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا داعشی تێک شکاند، دووپاتی کردەوە كە بڕوای وایە ئەوان قەرزاری هەسەدەن و شایستەی مامەڵەی باشترن.


وشە - پۆڵا مەحموود