سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق رای گەیاند، بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە، پیاوێكی ئاینی بەڵێندەرێكی كوشتووە، ئێستەیش لێكۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەكە دەكرێت.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 20ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، پیاوێكی ئاینی لە بەسرەی باشووری عێراق لە رێگەی ئۆتۆمبێلەوە لە بەڵێندەرێكی داوە و كوشتوویەتی. بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، رووداوەكە كوشتنی ئەنقەست بووە و كێشەی دارایی لە نێوان بكوژ و كوژراوەكەدا هەبووە.
سەرچاوەكە زیاتر گوتی، رووداوەكە دروست لە قەزای ئەبی خەسیبی باشووری بەسرە بووە و كاتێك پیاوە ئاینییەكە بە ئۆتۆمبێل لە بەڵێندەكەی داوە، دەستبەجێ كوشتوویەتی. دووپات كراوەتەوە كە كێشەی دارایی لە نێوانیاندا هەبووە و دوای رووداوەكە، بكوژ لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە.
دواتریش سەرچاوەكە گوتی بەڵێندەرەكە ناوی "باقر یاسری" بووە، خاوەنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی چینی بووە لە ئەبی خەسیب.
دوای رووداوەكە، هێزێكی تەناهی تەرمی بەڵێندەكەیان بۆ نەخۆشخانە و پزیشكی داد گواستووەتەوە، رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر بە بكوژ دەستی پێ كردووە.