له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، جارێكی تر شێوازی قسه‌كانی له دژی ئێران گۆڕی و هۆشداریی پێ دایه، ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بۆ چه‌كی ئه‌تۆمی بدات، دیسان لێی ده‌ده‌نه‌وه، بۆیه هیوای خواست ناچار نه‌بن كرده‌ی سه‌ربازی له دژی ئه‌و وڵاته به‌كار بێنن.
پێگه‌ی
"شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 22ی كانوونی دووه‌م، به‌شێك له دیمانه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای بڵاو كردووه‌ته‌وه كه كه‌ناڵی "سی ئێن بی سی"ی ئه‌مه‌ریكی له‌گه‌ڵی كردوویه‌تی، له‌وێدا تره‌مپ جارێكی تر شێوازی قسه‌كانی له دژی ئێران گۆڕی كه ئه‌گه‌ر به باشی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ خۆپێشانده‌رانی وڵاته‌كه‌ی نه‌كات یان هه‌وڵ بۆ چه‌كی ئه‌تۆم بدات، جارێكی تر ئاماده لێی بده‌نه‌وه.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌و دیمانه‌یه هه‌ڕه‌شه‌ی لێدانی ئێرانی كردووه و زیاتر گوتی، ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاته چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌بێت. له‌باره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی هێز له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه گوایه بۆ لێدانی ئێرانه، تره‌مپ گوتی، هیوادارین ناچار نه‌بین كرده‌ی سه‌ربازی به‌كار بێنین.
له‌باره‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌سه‌ڵاتی ئێران به‌رانبه‌ر به خۆپێشانده‌ران، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتی، ئه‌وان له‌سه‌ر شه‌قام ته‌قه له خۆپێشانده‌ران ده‌كه‌ن. وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هه‌ڕه‌شه‌كانی پێشتری كه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له كوشتنی خۆپێشانده‌ران، ناچار به لێدانی ده‌كه‌ن.
تره‌مپ دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌وی نیگه‌ران و بێزار كردووه، له سێداره‌دانی گیراوه‌كانه كه به‌مدواییه ئه‌و بڕیارانه‌یان هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌یش به‌هیواین بڕیاره‌كه‌یان به یه‌كجاری بێت. بۆ ئه‌وه‌یش چاودێریی رژدی دۆخی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ین.
له‌باره‌ی چه‌كی ئه‌تۆم تره‌مپ گوتی، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و چه‌كه بده‌ن، بێگومان هه‌وڵه‌كه‌یان ئاشكرا ده‌كه‌ین، ئه‌وكاتیش به‌دڵنیاییه‌وه لێیان ده‌ده‌ینه‌وه، به‌ڵام ئێسته و له‌م قۆناغه‌دا ئه‌وان ناتوانن ئه‌و كاره بكه‌ن.
پێشتر سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتبووی، له لێدانی ئێران پاشگه‌ر بووه‌ته‌وه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته بڕیاری له سێداره‌دانی 837 خۆپێشانده‌ری هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه.