هەسەدە: چەكدارانی سووریا 22 جار ئاگربەستیان پێشێل كرد

:: PM:07:29:22/01/2026 ‌
لە دوایین راگەیەنراویدا كە كەمێك لەمەوبەر بڵاو كراوەتەوە، هەسەدە رای گەیاند كە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی كاتی سووریا، سەرەڕای بوونی ڕێككەوتنی ئاگربەست هێرشە قورسەكانیان بۆ باشووری كۆبانێ‌ بەردەوامە.

هەسەدە رای گەیاند، گرووپە چەكدارەكان سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست بە تانك و تۆپبارانی قورس هێرش دەكەنە سەر دەوروبەری شارۆكەی "سرین" و گوندی "خرۆس" لە باشووری كۆبانێ.

هەروەها دووپات لەوە كراوەتەوە كە حكوومەتی كاتی سیاسەتی سزادانی بەكۆمەڵ دژ بە هاووڵاتییانی مەدەنی پێڕەو دەكات و ئاوی لەسەر شاری كۆبانێ بڕیوە و ڕێگری لە گەیشتنی سووتەمەنیش دەكات.

وەك ئاماژەی بۆ كراوە كە تەنیا لە دوێنێوە ئەوەی زانراوە 22 پێشێلكاری گەورەی ئاگربەست تۆماركراون، تێیدا ناوچە نیشتەجێبوونەكان و زیندانی ئەقتانی ڕەقە كراونەتە ئامانج كە ئەندامانی داعشی تێدایە و تۆپبارانكردنی مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە درووست دەكات.

دووپات لەوەیش دەكەنەوە كە كە بڕینی ئاو لەسەر زیندانییان و خەڵكی سڤیل، نیشانەی كارەساتێكی مرۆیی ترسناكە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە دەنگ.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم