وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەمەریكا قومار بە ژیانی كورد و بەرژەوەندییە تەناهییەكانی خۆیەوە دەكات

:: AM:09:12:24/01/2026 ‌
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا هێرشی كردووەتە سەر سەركێشییەكەی تۆم باراك نێردەی ئەمەریكا بۆ سووریا و باڵوێزی ئەمەریكا لە توركیا، پێیان وایە ئەو كارانەی تۆم  بووە هۆی لێدانێكی توند لە هێزەكانی هەسەدە و كورد، هاوكات گیراوانی داعشی خستە دۆخێكی نادیارەوە.

ڕۆژنامەكە كە یەكێكە لە دیارترین و بڵاوترین ڕۆژنامەكانی ئەمەریكا، بەتایبەت لەلای كۆمارییەكان جێی بایەخە، ڕای گەیاند پاشەكشەپێكردنی هەسەدە كە كورد سەركردایەتیی دەكات، لە خزمەتی بەرژەوەندییەكی ئەمەریكیدا نییە.

 باسی لەوەش كردووە كە ئەو گۆڕانكارییە خێرایە بەجۆرێك بوو گیراوانی داعش كە لە ژێر پاسەوانیی هەسەدەدا بوون، لە دۆخێكی نادیاردا جێهێڵران و هەندێكیان دەستبەجێ هەڵاتن، ئەمەش وای لە سوپای ئەمەریكا كرد كە ڕۆژی چوارشەم دەستوەردان بكات بۆ گواستنەوەی ئەوانی تر بۆ عێراق.

بەپێی ڕۆژنامەكە، دۆناڵد ترەمپ هێشتا كارتی سزاكانی سووریای بەدەستەوەیە، ئەوەش دەسەڵاتێكی پێدەبەخشێت بۆ سەپاندنی وەستاندنی توندوتیژییەكانی ڕژێمی سووریا بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد شەرع كە گورزی قورسی لە هەسەدە داوە، بەڵام ئەمەریكا ئەم كارتەی بەكار نەهێناوە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بە پێوەندییەكەی نێوان ترەمپ و شەرع لە ڕۆژی دووشەمدا كردووە، دواتر باراك لە پلاتفۆرمی "ئێكس" نووسیویەتی: "ئامانجی سەرەكیی هەسەدە، وەك هێزی سەرەكیی وشكانی لە شەڕی دژ بە داعش، بەشێوەیەكی بەرچاو كۆتایی هاتووە،  ئێستە دیمەشق ئامادەیە و توانای هەیە بەرپرسیارێتییە تەناهییەكان بگرێتە ئەستۆ، لەوانە كۆنترۆڵكردنی شوێنەكانی دەستبەسەركردنی داعش".

"وۆڵ ستریت جۆرناڵ" پرسیاری ئەوەی كردووە كە ئایا دیمەشق تا ئەو ئاستە توانای هەیە؟، لە كاتێكدا دەزانرێت بەشێكی زۆری هێزەكەی هەمان ئەو چكدارانەن وەلائیان بۆ داعش هەیە، بەتایبەت كە دیمەشق ڕای گەیاندووە 120 گیراوی ئەو رێكخراوە لە یەكەم ڕۆژی كەوتنی گرتووخانەی  شەدادی لە دەست حكوومەتدا هەڵاتوون.

ڕۆژنامەكە دووپاتی لەوە كردووەتەوە، ئەمەریكا ئێستە قومار بە ژیانی كورد و بەرژەوەندییە تەناهیی خۆیەوە دەكات لە شەڕی دژ بە داعش. ئەوەش دەڵێت كە توركیا دەیەوێت كورد وردوخاش بكات، بەڵام نابێت ئەمەریكا ئاسانكاری بۆ ئەوە بكات.



وشە - سۆران عەزیز