فڕه‌نسا پێیوایه ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا به تایبه‌تى تۆم باراك ده‌توانێ شه‌ڕ بوه‌ستێنێ
پاریس له ته‌نگژه‌دایه چونكه ناتوانێ هه‌سه‌ده له دیمه‌شق به باشتر بزانێت
به‌رپرسانى فڕه‌نسا: هه‌رگیز ئاگادارى پلانى هێرش نه‌بووین بۆ سه‌ر كورد
رۆژنامه‌ى
شه‌رق ئه‌وسه‌ت له راپۆرتێكدا باس له رۆڵى فڕه‌نسا ده‌كات له رووداوه‌كانى سووریا و به‌پێى زانیارییه‌كانى سه‌رۆكایه‌تیى فڕه‌نسا، پاریس پشتى له كورد نه‌كردووه و به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگادارى هێرشه سه‌ربازییه‌كانى دژ به هه‌سه‌ده و كورد نه‌بووه، به‌ڵام هه‌وڵیش ده‌دات ئاشته‌وایى له نێوان دیمه‌شق و هه‌سه‌ده به‌رپا بكات، چونكه هه‌ردووكیان به دۆستى خۆى ده‌زانێت.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 24ى كانوونى دووه‌م، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت راپۆرتێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر رۆڵى فڕه‌نسا له شه‌ڕه‌كانى نێوان هه‌سه‌ده و دیمه‌شق. سه‌ره‌تا سه‌رچاوه فڕه‌نسییه‌كان دووپاتیان كردووه‌ته‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك وڵاته‌كه‌یان ئاگادارى ئه‌و پلانه سه‌ربازییه نه‌بووه كه له دژى هه‌سه‌ده دانراوه. هه‌رچه‌نده سه‌رچاوه‌كان چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر دووپاتیان كرده‌وه كه كۆبوونه‌وه‌یه‌كى سێقۆڵى له نێوان سووریا و ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا بۆ لێدانى هه‌سه‌ده له پاریس به‌ڕێوه‌چووه.
به‌ڵام دووپاتیشى ده‌كه‌نه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاى شه‌ڕه‌كه‌وه فڕه‌نسا هه‌وڵى داوه دۆخه‌كه ئاسایى بكاته‌وه، هه‌وڵ بدات شه‌ڕ له نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه رابگرێت، بۆ ئه‌مه‌یش ئیمانوێڵ ماكرۆن پێوه‌ندى به هه‌ریه‌كه له نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌زڵووم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده، ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكى كاتى سووریا كردووه، بۆ وه‌ستاندنى شه‌ڕ و رێزگرتن له ئاگربه‌ستى دیمه‌شق و شه‌ڕڤانه كورده‌كان.
وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى سه‌رچاوه فڕه‌نسییه‌كان له‌وه‌ى ئاگادارى پلانه‌كه نه‌بوون، به‌ڵام تێڕوانینیان ئه‌وه‌یه كه هێرشه‌كه به پشتیوانى توركیا و تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام دراوه. ئاگربه‌ستیش له دۆخێكى وه‌ها "حاڵه‌تێكى زۆر لاوازه"، به‌ڵام فڕه‌نسا دووپاتى ده‌كاته‌وه كه ده‌بێت كۆشش بكرێت بۆ سه‌رخستنى ئاشتى.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، "فڕه‌نسا د‌رك به‌وه ده‌كات ئه‌و لایه‌نه‌ى ده‌توانێ شه‌ڕ رابگرێت، به پله‌ى یه‌كه‌م ئه‌مه‌ریكایه و به تایبه‌تى تۆم باراك كه نوێنه‌رى دۆناڵد تره‌مپ بۆ دۆسیه‌ى سووریا".
به‌پێى راپۆرته‌كه فڕه‌نسا هه‌میشه پشتیوانى له كوردى سووریا كردووه، به تایبه‌تى له ماوه‌ى 10 ساڵى رابردوودا. ته‌نانه‌ت كاتێك له ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى یه‌كه‌میدا تره‌مپ بڕیارى دا ته‌واوى هێزه‌كانى له رۆژهه‌ڵات و باكورى سووریا بكێشێته‌وه، فڕه‌نسا له دژى وه‌ستایه‌وه و پێى راگه‌یاند، ئاماده‌یه شوێنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بگرێته‌وه، چونكه فڕه‌نسا لایه‌نێكى كاریگه‌ریى هاوپه‌یمانى دژ داعشه.
له به‌رانبه‌ر فڕه‌نسا ئه‌حمه‌د شه‌رع به دۆستى خۆى ده‌زانێ و یه‌كه‌م وڵات بوو له كۆشكى ئیلیزێ پێشوازیى له ئه‌حمه‌د شه‌رع كرد. به بڕاوى راپۆرته‌كه ئێسته پاریس كه‌وتووه‌ته ته‌نگژه‌یه‌ك به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناتوانێ هه‌سه‌ده له دیمه‌شق به باشتر بزانێ، چونكه هه‌ردوو هاوپه‌یمانى نزیكى ئه‌ون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پاریس هه‌میشه دووپاتى له‌سه‌ر پشتیوانى هه‌سه‌ده كردووه‌ته‌وه.
دوێنێ ماكرۆن له‌گه‌ڵ نه‌واف سه‌لام سه‌رۆك وه‌زیرانى لبنان كۆبووه‌ته‌وه و باسى دۆسیه‌ى سووریاى كردووه. هه‌روه‌ها پێوه‌ندیى به محه‌مه‌د شیاع سوودانى كردووه و باسى گواستنه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعشى كردووه كه له گرتووخانه‌كانى سووریاوه ده‌گوزارێنه‌وه عێراق. به‌ڵێنى به سوودانى داوه هاوكارى ته‌كنیكى و دارایى به عێراق بدات، بۆ ئه‌وه‌ى له دۆسیه‌ى وه‌رگرتنى تیرۆریستان سه‌ركه‌وتوو بێت. ئێسته پاریس به پله‌ى یه‌كه‌م بایه‌خ به وه‌ستانى شه‌ڕى سووریا ده‌دات و پێی وایه له پرۆسه‌ى گواستنه‌وه‌ى تیرۆریستان بۆ عێراق، ده‌بێت سه‌قامگیرییه‌ك له سووریا هه‌بێت.