ئیلهام ئەحمەد: لە تەواوی رۆژئاوای كوردستان پرۆسەی خوێندن پەكی كەوتووە

:: AM:10:55:24/01/2026 ‌
هاوسەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ئێكس رای گەیاند، لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانەوە چەندان گوند و شارۆچكە، رووبەڕووی شەپۆلێكی گەورەی ئاوارەبوون بوونەوە، ئێستە هەمووان چاوەڕێین بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

ئیلهام ئەحمەد ئەمڕۆ شەموو 24ی كانوونی دووەم رای گەیاند، جێگیركردنی ئاگربەست و كۆتاهێنان بە كردە سەربازییەكان، بەردی بناغەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی 18ی كانوونی دووەمە و گەرەنتیی گەڕانەوەیەكی ئارام بۆ ئاوارەكان دەكات.

 ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەش كردووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە ئاوارەیی و سەرمایە، هاووڵاتییانی سڤیل بەشێوەیەكی زۆر خراپ بەم دۆخە كاریگەر بوون، پرۆسەی خوێندن لە تەواوی رۆژئاوای كوردستان  پەكی كەوتووە.

 ئاماژەی بەوەش كرد، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵ و دەستپێشخەرییەكانیان بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ.
 
بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، زیاتر لە 134,000 كەس لە رۆژانی رابردوودا ئاوارە بوون كە زۆربەیان دانیشتووی حەلەب، رەقە و دێرەزوور بوون و بەرەو حەسەكە و كۆبانی هەڵاتوون.

دۆخی كۆبانێ ئەستەم بووە و ماوەی چەندان رۆژە لە ژێر گەمارۆیەكی توندی هێزەكانی حكوومەتی كاتی سووریادان، خواردن و ئاو كارەبا لە شارەكەدا نەماوە.
 



وشە - سۆران عەزیز