رۆیته‌رز:
هێزه كوردییه‌كان و هێزه‌كانى ئه‌سه‌د به‌رانبه‌ر به یه‌كتر خۆیان ئاماده كردووه
فڕه‌نسا و ئه‌مه‌ریكا داوایان له شه‌رع كردووه هێز ره‌وانه‌ى ناوچه كوردییه‌كان نه‌كات
له‌وانه‌یه ئاگربه‌ست هه‌فته‌یه‌ك درێژ بكرێته‌وه
توركیا داواى درێژكردنه‌وه‌ى ئاگربه‌ست ده‌كات
ئاژانسى رۆیته‌رز له چه‌ندان سه‌رچاوه‌وه ئاشكراى كردووه، له حه‌سه‌كه و قامیشلۆ و كۆبانێ هێزه كوردییه‌كان خۆیان ئاماده كردووه له به‌رانبه‌ر هێزه‌كانى حكوومه‌تى شه‌رع وه‌ستاون و هه‌ردوولا چاوه‌ڕوانى كۆتایى ئاگربه‌سته‌كه ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 24ى كانوونى دووه‌م كه ئاگربه‌ستى نێوان هه‌سه‌ده و هێزه‌كانى دیمه‌شق كۆتایى دێت. رۆیته‌رز بڵاوى كردووه‌ته‌وه وێڕاى ئه‌وه‌ى هیچ پێشكه‌وتنێك له دانوستاندن نییه، هه‌ردوولا هێزى زیاتر كۆ ده‌كه‌نه‌وه چاوه‌ڕوانى ئه‌وان ئاخۆ ماوه‌ى ئاگربه‌سته‌كه درێژ ده‌كرێته‌وه یانیش ده‌ست به شه‌ڕ ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌و ئاژانسه دووپاتى كردووه‌ته‌وه هه‌ریه‌كه له فڕه‌نسا و ئه‌مه‌ریكا هۆشدارییان به حكوومه‌تى شه‌رع داوه له‌وه‌ى هێزه‌كان به‌ره‌و ناوچه كوردییه‌كان نه‌چن.
ئه‌مڕۆ ئاژانسى فڕانس پرێس بڵاوى كرده‌وه، ئاگربه‌ست بۆ ماوه‌ى مانگێك درێژ ده‌كرێته‌وه و هه‌ریه‌كه له هه‌سه‌ده و حكوومه‌تى سووریا، ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ئه‌مه داوه. به‌ڵام رۆیته‌رز زانیاریى یه‌كلاكه‌ره‌وه بڵاو ناكاته‌وه به‌ڵام ده‌ڵێ، "ئاماژه‌كان له توركیاوه به‌ره‌و ئه‌وه‌ن بۆ درێژكردنه‌وه بچێت".
دوێنێ هاكان فیدان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا راى گه‌یاند، به‌هۆى گواستنه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعش له گرتووخانه‌كانى سووریاوه بۆ عێراق، پێویسته ئاگربه‌ست بكرێت. ئه‌مڕۆیش شه‌رق ئه‌وسه‌ت هه‌مان بابه‌تى ورووژاندووه و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، فڕه‌نسا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه واده‌ى ئاگربه‌ست درێژ بكرێته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك به‌رپرس له هه‌سه‌ده و سووریا به رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه، له‌وانه‌یه چه‌ند رۆژێكى تر یان هه‌فته‌یه‌ك ئاگربه‌ست درێژ بكرێته‌وه. به‌ڵام تا ئێسته حكوومه‌تى سووریا ئه‌وه ره‌ت ده‌كاته‌وه هیچ بابه‌تێكى درێژكردنه‌وه‌ى ئاگربه‌ست باسى لێوه كرابێت.
شه‌وى رابردوو ماڵپه‌ڕى ئه‌لمۆنیتۆرى ئه‌مه‌ریكى ئاشكراى كرد، تا ئه‌و كاته‌ى تۆم باراك نوێنه‌رى تایبه‌تى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروبارى سووریا ده‌چێته دیمه‌شق و دیدارى به‌رپرسانى سووریا ده‌كات، ئاگربه‌ست درێژ ده‌كرێته‌وه. هه‌ر ئه‌و ماڵپه‌ڕه ئه‌مه‌ریكییه باسى له‌وه‌یش كردبوو. تۆم باراك كه پێنجشه‌مى رابردوو له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ مه‌زڵووم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات كۆبووه‌ته‌وه، پێشنیاره‌كانى مه‌زڵووم عه‌بدى وه‌رگرتووه و به دیمه‌شقى ده‌دات. پێشنیاره‌كه‌یش ناوى ئه‌و كه‌سانه‌یه كه بڕیاره له په‌رله‌مانى سووریا یانیش له حكوومه‌تى سووریا و ئه‌نجوومه‌نى شاره‌كان پۆستیان پێ بدرێت.