وەزارەتی دارایی لەبارەی دەرماڵەی فەرمانبەران و بڕیاری ژمارە 40 ڕوونکردنەوە دەدات

:: PM:07:36:24/01/2026 ‌
وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا وردەکاریی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 40ی ساڵی 2026ی ئەنجوومەنی وەزیرانی خستە ڕوو، کە تایبەتە بە ناردنی لیستی مووچە و دەرماڵەی خزمەتی زانکۆ.

ئەمڕۆ شەموو 24/1/2026، وەزارەتی دارایی لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، سەرجەم یەکە خەرجییەکان، چ ئەوانەی بە شێوەی ناوەندی پارەدار دەکرێن یان خۆیان داهاتیان هەیە (خۆجێی)، پابەند کراون بە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران (ملاک، گرێبەست و ڕۆژانە) بۆ فەرمانگەی ژمێریاری.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئامانج لەم هەنگاوە ئاگادارکردنەوەی فەرمانگەی ژمێریارییە لە بڕی لێبڕینی باج بۆ گواستنەوەی بۆ گەنجینەی حكوومەت، هەروەها دابینکردنی بەشی خانەنشینی بۆ سندوقی خانەنشینیی فەرمانبەران، ئەمەش لە پێناو زیادکردنی داهاتە نەوتییەکان.

سەبارەت بە دەنگۆی بڕینی دەرماڵەکان، وەزارەتی دارایی ڕوونی کردەوە کە بڕگەی حەوتی بڕیارەکە، تەنیا تایبەتە بە ڕێکخستنی دەرماڵەی خزمەتی زانکۆ بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و تەندروستی. بەپێی بڕیارەکە، دەرماڵەکە تەنیا بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەکرێت کە تەرخان کراون بۆ وانەوتنەوە، واتە بۆ ئەوانەی وانە ناڵێنەوە دەوەستێنرێت.

وەزارەتی دارایی دووپاتی کردەوە، بڕیارەکە دەستکاریی دەرماڵەی خزمەتی زانکۆ بۆ فەرمانبەرانی کارگێڕی بە ڕێژەی 75% و هونەرییەکان بە ڕێژەی 100% ناکات و وەک خۆی دەمێنێتەوە، چونکە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەقە یاساییە بەکارەکان هەڵناوەشێننەوە.

لە کۆتاییدا وەزارەت داوای لە میدیاکان کردووە وردبین بن و زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.


وشە - پۆڵا مەحموود