بەهۆی كاركردنی تیمەكانی پڕۆژەی رووناكی، ئەمڕۆ شەش گەڕەكی مەخموور بێ كارەبا دەبن، ئەندامێكی تیمەكەش دەڵێت بڕانی كارەباكەیان بۆ چەند سەعاتێك دەبێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 25ـی كانوونی دووەم، سەركەوت محەمەد ئەندامی تیمی كارەبا، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە فەرمانگەی كارەبای مەخموور، دانیشتووان ئاگادار كراونەتەوە ئەمڕۆ تیمەكانی پڕۆژەی رووناكی كار لەسەر دوو فیدەری سەنتەری قەزای مخموور دەكەن، بۆیە لە سەعات هەشتی بەیانی تا سەعات پێنجی ئێوارە شەش گەڕەك بێ كارەبا دەبن.
باسی لەوەش كرد، بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژێك كارەكان لە سنووری مەخموور تەواو بكرێن، مەخمووریش هاوشێوەی شار و شارۆچكەكانی تر ببێتە خاوەن كارەبای 24 سەعاتی.
كاركردنی تیمەكانی پڕۆژەی رووناكی بۆ گەیاندنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەردەوامە، تا ئێستە نزیكەی چوار ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەكە سوودمەند بوون.