ئیسرائیل پێشبینی دەكات كە بەمزووانە ئەمەریكا هێرش بكاتە سەر ئێران، وێڕای ئەوەی تا ئێستە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری تەواوی لەوبارەیەوە نەداوە، بەڵام لە ئێستەوە ئیسرائیل ئامادەكاریی كردووە بۆ هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 25ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە،
كەناڵی "12"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی داوە، ئەمەریكا ماوەی چەند رۆژێكی تری ماوە تا تەواوی چەك و كەشتی و هێزەكانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوازێتەوە، بۆیە لە ئێستەوە ئیسرائیل ئامادەكاریی بۆ سەرجەم سیناریۆكان كردووە لە ئەگەری هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران.
لەبارەی ئامادەكارییەكانی ئیسرائیل دەگوترێت، ئامادەكارییەكان بۆ مەترسیدارترین سیناریۆیە، ئەوەیش ئەگەری زۆرە ئێران هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، ئەمە ئەگەر ئەمەریكا هێرشەكەی بكاتە كردار.
كەناڵە ئیسرائیلییەكە ئەوەیشی گوت، تا ئێستە هیچ رێنوێنییەكی نوێ بۆ بەرەكانی ناوەوەی وڵات نەدراوە، خۆ ئەگەر دۆخەكە گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، دەستبەجێ رێنوێنی نوێ بڵاو دەكرێتەوە.
بەپێی راپۆرتەكە، بڵاوبوونەوەی سەربازیی ئەمەریكی لە ناوچەكە بۆ ماوەی هەشت مانگە بە فراوانی تەواو كراوە، ئەویش ئەگەری زۆرە بەمزووانە هێرشەكە بكرێت.
هێزەكانی ئەمەریكا بە گەیشتنی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری "یۆ ئێس ئێس ئیبراهام لیكۆڵن" بۆ كەنداو، بەتەواوی ئامادە دەبێت بۆ هەر ئەگەرێكی سەربازی، ئەو كەشتییە لە ناوچەی ئاسیا و ئۆقیانووسی هێمن، لە هەفتەی رابردووەوە جووڵەی كردووە و لە كەنداو نزیك بووەتەوە كە هێزێكی زۆری ئەمەریكا لەو ناوچەیە كۆبوونەتەوە