ساڵح موسلیم رای گەیاند، "ئەو هێزانەی شەڕمان دەكەن لە ژێر فەرماندەیی ڕژێمی دیمەشقدان، بەڵام نزیكەی هەموو كەلوپەلەكانیان لەلایەن توركیاوە دابین كراوە، لەبارەی شەڕی میدیایی دژی كورد گوتی، شەڕێكی تایبەتە لە دژیان بەرێوە دەچێت و لە وڵاتانی كەنداو بەڕێوە دەبرێت.
ساڵح موسلیم بۆ راگەیاندنەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەمرۆ یەكشەم گوتی، شتێك هەیە گەلەكەمان پێویستە بزانێت، پیلانگێڕییەكە پیلانێكی زۆر فراوان بوو، تەنیا بۆ ڕۆژاوا نەبوو، بۆ باشووریش بوو، هەروەها ئامانجی نەهێشتنی كورد بوو، یان لانیكەم تا ئەو جێگەیەی كە دەكرێت لاوازی بكات، دەتوانین بڵێین كە ئەمە تا ئاستێك بەهۆی بەرخۆدانەوە ڕاگیرا.
ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای كوردستان باسی لەوەش كردووە، تا ئێستە لە بابەتی سەربازیدا زیانێكی زۆر قورسمان بەرنەكەوتووە، ئێمە تەنیا كشاینەوە، چۆن ئەوە لێكدەدەنەوە، پێوەستە بە خۆیانەوە، هەروەها ڕێگریمان لە مەترسییەكی گەورەتر كرد، ئێمە ڕێگریمان لە شەڕی كورد و عەرەبیش كرد.