وەزیری ناوخۆی سووریا بە فەرمی بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە 13، کە تایبەتە بە پێدانی ڕەگەزنامە بەو هاووڵاتییە کوردانەی بێ ناسنامەن یان لە تۆمارەکاندا بە "مەکتوومین" ناویان هاتووە.
ئەمڕۆ چوارشەم ، ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆی سووریا، لە نووسراوێکی بەپەلەدا کە ئاراستەی ئیدارەی گشتیی کاروباری مەدەنی کردووە، داوای کردووە دەستبەجێ کار بکرێت بۆ ئامادەکردنی ڕێنماییەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە 13ی سەرۆکایەتی.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، بەپێی مادەی چوار لە مەرسوومەکە، کارکردن بە هەموو ئەو یاسا و ڕێکارە نائاساییانە هەڵدەوەشێتەوە کە لە ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسەکە کراون.
وەزیر بڕیاری داوە، ڕەگەزنامەی سووری بدرێت بەو هاووڵاتییانەی کە بە ڕەچەڵەک کوردن و لەسەر خاکی سووریا نیشتەجێن، بەوانەشەوە کە لە تۆمارەکاندا بە "مەکتوومین" (قەید نەکراو) ناسراون، لەگەڵ یەکسانبوونی تەواوەتییان لە ماف و ئەرکەکاندا.
وەزیری ناوخۆ فەرمانی کردووە کە دەبێت ڕەچاوی ئاسانکاریی ڕێکارەکان بکرێت بۆ "کەسوکەری کورد" تا ئەو پەڕی توانا، هەروەها دیاری کردووە کە دەبێت تا رێككەوتی 5/2/2026 وەڵامی وەزارەت بدرێتەوە و ڕێکارەکان تەواو بکرێن.