وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، گرتەی ڤیدیۆیی شەهیدکردنی کچە شەڕڤانەکەی حەلەبی بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، کوردەکان لەناو بێدەنگیی نێودەوڵەتیدا دەسڕێنەوە و ئەم بێدەنگییەش بێلایەنی نییە.
ئەمڕۆ چوارشەم، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر)، ڤیدیۆی ئەو کچە شەڕڤانە کوردەی بڵاو کردەوە کە لەلایەن چەکدارانی سەر بە ئەحمەد شەرعەوە لە باڵەخانەیەکەوە لە حەلەب فڕێ درایە خوارەوە.
وەزارەتەکە لەسەر ڤیدیۆکە نووسیویەتی، کەمینەی کورد لە حەلەب لەناو بێدەنگیی نێودەوڵەتیدا دەسڕێتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی کێن (لەبەر ناسنامەکەیان).
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دووپاتی کردووەتەوە، مافەکانی مرۆڤ جیاکاری لە نێوان کەسدا ناکات و بێدەنگیش بێلایەنی نییە.
ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە گرتەی ڤیدیۆیی ئەو ڕووداوە کاردانەوەی توندی لە ئاستی جیهاندا لێ کەوتەوە.