لیندسی گراهام پڕۆژەیاسای پاراستنی کوردی ڕاگەیاند: هەر لایەنێک پەلاماری کورد بدات باجەکەی دەدات

:: PM:09:16:29/01/2026 ‌
هەردوو سیناتۆری ئەمەریکا، لیندسی گراهام سیناتۆری کۆماری و ڕیچارد بلومێنتاڵ سیناتۆری دیموکرات، بە فەرمی پڕۆژەیاسای "پاراستنی کورد"یان پێشکەش کرد و تێیدا مەرجی قورس و سزای توند بەسەر حكوومەتی سووریادا دەسەپێنن ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر هەسەدە ڕانەگرێت، هاوکات گرووپی "دەستەی تەحریری شام" دەخەنەوە لیستی تیرۆر.

ئەمڕۆ پێنجشەم 29ی کانوونی دووەمی 2026، لیندسی گراهام و ڕیچارد بلومێنتاڵ، لە وەڵامی هێرشە بەردەوامەکانی هێزەکانی حكوومەتی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پڕۆژەیاسای "Save the Kurds Act" (یاسای پاراستنی کورد)یان ناساند.

بەپێی پڕۆژەکە، سزای توند بەسەر بەرپرسانی حكوومەتی سووریا، دامەزراوە داراییەکان و هەر کەسێکی بیانی دەسەپێنرێت کە بەشداری لە هەر مامەڵەیەکدا بکات، جا پاڵپشتیی سەربازی بێت یان دارایی، لەگەڵ حكوومەتی سووریا.

لە بەیاننامەی هەردوو سیناتۆرەکەدا هاتووە، لە کاتی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ لەناوبردنی خەلافەتی داعش، هەسەدە بەشدارییەکی بەرچاوی لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە. دوای دەرکردنی حكوومەتی ئەسەد، ئەحمەد شەرع سەرۆکی نوێی سووریا، لەژێر پەردەی یەکخستنەوەی وڵات دوای ساڵانێک لە شەڕی ناوخۆ، هەڵمەتێکی دژی هەسەدە دەست پێ کردووە. بەڵگەش هەیە کە هێرشەکان بۆ سەر هەسەدە بە هاوئاهەنگی و یارمەتیی تورکیا ئەنجام دەدرێن.

لە پڕۆژەیاساکەدا هۆشداری دراوە کە ئەو ناوچەیەی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە، گرتووخانەکانی داعشی تێدایە کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە پاسەوانی دەکرێن و نزیکەی هەزار سەربازی ئەمەریکاشی لێیە. هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر کورد نەک تەنیا هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە، بەڵکو مەترسین بۆ سەر سەلامەتیی سەربازانی ئەمەریکا و پێوەندیی ئەمەریکا لەگەڵ حكوومەتی نوێی سووریا، هەروەها مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش دروست دەکات.

لیندسی گراهام لەوبارەیەوە ڕای گەیاند، باوەڕم وایە پشتیوانییەکی بەهێزی هەردوو پارتەکە هەیە بۆ پاراستنی کورد لە سووریا و دەرەوەش، چونکە ئەوان هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو بوون. هەسەدە قوربانیی زۆری دا لە شەڕی تێکشکاندنی داعش لە خولی یەکەمی سەرۆک ترەمپدا. 

گراهام دووپاتی کردەوە، دەزانم سووریا ئاڵۆزە، بەڵام پەلاماردانی کوردەکان پێگەی ئەمەریکا لاواز دەکات. بۆ ئەو وڵات و گرووپانەی وا دەزانن پەلاماردانی کورد لە سووریا کراوەیە و بێ دەرەنجام دەبێت، پێیان دەڵێم تووشی هەڵەیەکی گەورە دەبن. 

لای خۆیەوە ڕیچارد بلومێنتاڵ گوتی، پێویستە کوردەکان لە سووریا بپارێزین و دڵنیا بین لەوەی لە هەر تۆڵەسەندنەوەیەکی حكوومەتی سووریا پارێزراو دەبن. 

خاڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەیاسای پاراستنی کورد (The Save the Kurds Act):

1. سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی حكوومەتی سووریا، دامەزراوە داراییەکان و هەر کەسێکی بیانی کە پاڵپشتیی سەربازی یان دارایی حكوومەتی سووریا بکات.

2. داننان بە ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا بۆ لەناوبردنی داعش.

3. پۆلێنکردنەوەی "دەستەی تەحریری شام - HTS" وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی (FTO).

4. لابردنی ناوی سووریا لە لیستی ئەو دەوڵەتانەی پاڵپشتیی تیرۆر دەکەن، پێویستی بە پێداچوونەوەی کۆنگرێس دەبێت (واتە سەرۆک بەتەنیا ناتوانێت لای ببات).

5. سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی هەڵپەساردنی سزاکانی دەبێت، بە مەرجێک بۆ کۆنگرێسی پشتڕاست بکاتەوە کە حكوومەتی سووریا هەموو هێرشەکانی بۆ سەر هەسەدە و هاوبەشەکانیان ڕاگرتووە.

6. بڕگەی گەڕانەوەی خێرا (Snapback) لەخۆ دەگرێت واتە ئەگەر حكوومەتی سووریا هێرشەکانی بۆ سەر هەسەدە دەست پێ بکاتەوە، دەبێت سەرۆک دەستبەجێ هەموو سزاکان بسەپێنێتەوە.
 


وشە - پۆڵا مەحموود