لە کاتێکدا ئەوروپا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە و کەشتیگەلە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە نزیک دەبنەوە، فڕۆکەی تایبەتیی سەرۆکایەتیی ئێران بەپەلە بەرەو مۆسکۆ فڕی.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم ، بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی "فلایت ڕادار"، فڕۆکەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فڕۆکەخانەی میهرئابادەوە بەرەو مۆسکۆ بەڕێ کەوت. ئەم گەشتە سەرنجی زیاتر لە هەشت هەزار کەسی لە یەک کاتدا ڕاکێشا و بووە پڕبینەرترین گەشت لەسەر ماڵپەڕەکە.
ئەم سەردانە لەناکاوەی ئێران، هاوکاتە لەگەڵ بڕیارە مێژووییەکەی ئەمڕۆی یەکێتیی ئەوروپا کە بە فەرمی سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش گورزێکی گەورەی سیاسی و ئابوورییە بۆ تاران.
لەلایەکی ترەوە، دۆخی تەناهیی ناوچەکە لە لێواری تەقینەوەدایە، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند ڕۆژێکە کەشتیگەلە جەنگییەکانی ئەمەریکا بەرەو ئاوەکانی ناوچەکە دێن و دەنگۆی گرژبوونی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ئارادایە.
چاودێران پێیان وایە، ئێران لەم دۆخە خنکێنەرەدا پەنای بۆ ڕووسیا بردووە، بەو ئومێدەی مۆسکۆ بتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت و ڕێگری لە جەنگێکی گشتگیر بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی کرێملین ئەمڕۆ ئاماژەی بە بوونی دەرفەتێک کرد بۆ دانوستان لەگەڵ واشنتن.