عێراقچی: تەواوی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەئامانج دەگیرێن

:: PM:08:12:01/02/2026 ‌

ئێستە رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە قۆناغی شەڕی دەروونیدایە، سەرۆكی ئەمەریكا لە لایەك باسی كۆكردنەوەی هێزی سەربازی و نزیكیی لێدانی ئێران و ئەگەری رووخانی رژێمەكەی دەكات و لە لایەكی تر باسی ئەگەری رێككەوتن دەكات، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران وریایی بە ئەمەریكا دا لەوەی هەر هێرشێك كارەسات دروست دەكات و تەواوی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بەئامانج دەگیرێن.  

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدارێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی گوتی، ئەوەی لەو قۆناغەدا ئێرانی نیگەران كردووە حیساباتی هەڵەیە، دووپاتی كردەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەوەندە دانایی هەیە كە بڕیارێكی دروست بدات، ئێران متمانەی بە ئەمەریكا وەك لایەنێك لە گفتوگۆكان نەماوە، هاوكات ژمارەیەك دەوڵەتی دۆست لە ناوچەكە وەك ناوەندگیر كار بۆ دروستكردنەوەی متمانە دەكەن، ئەوەش دەرگە لەبەردەم ئەگەری دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكان دەكاتەوە.

سەبارەت بە بەرنامەی مووشەكی ئێران و میلیشیاكانی لە ناوچەكە گوتی، دەبێت سەرنجەكە لەسەر توانای ئەتۆمیی ئێران بێت نەك پەرتەوازەكردنی رێڕەوی گفتوگۆكان بە هەندێك بابەت كە لە دەرەوەی كڕۆكی گفتوگۆكانە، چونكە با باسی شتی ئەستەم نەكەین و هەلی گەیشتن بە رێككەوتنێكی دادوەرانە بەفیڕۆ نەدەین گەرەنتیی ئەوە بكات ئێران نەبێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، ئەوە بەردەستە و دەكرێت، تەنانەت لە كاتێكی كورت.

عێراقچی رووی وریاكردنەوەی كردە ئەمەریكا و گوتی، شكستهێنانی دانوستانەكان وا دەكات ئێران بۆ شەڕ ئامادە بێت، پێشبینی دەكرێت ململانێكە بۆ دوورتر لە ئێران پەل باوێت، بۆیە شەڕ بۆ هەمووان كارەساتە و بنكە سەربازییە ئەمەریكییەكان لە تەواوی ناوچەكە دەبنە ئامانجێك بۆ سوپای ئێران. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل