پرۆسەی هاتنە ناوەوەی هێزەكانی ئاسایشی سەربە حكوومەتی كاتیی سووریا بۆ ناو شارەكانی حەسەكە و قامیشلۆ دواخرا.
بەپێی زانیارییەكان، بەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی گیرانی رێگەكان و تەنینیان بەمین، هێزەكە نەیانتوانیوە بێنە ناو حەسەكەوە.
هاوكات ئاسایشی خۆبەڕێوەبەری قەدەغەی هاتوچۆی بەهۆی گومانكردنی لە دانیشتووانی عەرەبی حەسەكە، كە دەگوترێت ئامادەكارییان كردووە بۆ پێشوازیی لە هێزەكە راگەیاند.
لەلایەكی ترەوە بەیانیی ئەمڕۆ تەقینەوەیەك لە شاری حەسەكە رووی داوە، بەڵام زانیاریی ورد بەردەست نییە كە تەقینەوەكە چی بووە، هاوكات بەردەوام فڕۆكەی هاوپەیمانان لە ئاسمانی ناوچەكە دەبینرێت كە چاودێریی بەڕێوەچوونی رێككەوتنەكە دەكەن.
بڕیار بوو بەیانی ئەمڕۆ سەعات نۆ، هێزێكی 250 كەسیی ئاسایشی حكوومەتی كاتیی سووریا بچنە ناو حەسەكە و قامیشلۆوە، بەڵام چوونی هێزەكە دواخراوە بۆ كاتێكی نادیار.