شاندێكی حكوومەتی كاتیی سووریا، بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەست گەیشتنە حەسەكە و لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كۆبوونەوە و دواتریش چوونە ناو شاری حەسەكەوە.
شاندی حكوومەتی كاتیی سووریا، بە ناوەندگیری هێزەكانی هاوپەیمانان لە شاری حەسەكە كۆبوونەوە، دواتریش هێزەكە لە ڕێوشوێنێكی توندی تەناهی و بە چاودێریی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ چوونە ناو شارەكەوە.
كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی شاندەكەی سووریا كە نزیكەی 125 كەس لەخۆ دەگرێت، دوای كۆبوونەوەكانیان لە حەسەكە، بڕیارە هەردوولا میكانیزمی كاركردنی هاوبەش لەناو شارەكەدا دابنێن، بڕیارە سبەی لە شاری قامیشلۆش قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنرێت و هێزەكانی حكوومەتی سووریا بچنە ناو شارەكەوە.
هەر ئەمڕۆ فەرهاد شامی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، لەبارەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی هەسەدە و دیمەشق و چوونی هێزی حكوومەتی كاتی سووریا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە.
فەرهاد شامی ڕای گەیاند، لە ئەمڕۆوە 15 ئۆتۆمبێل و دەستەیەكی سەرەتایی كە لە 100 بۆ 125 ئەندامی حكوومەتی كاتیی سووریا پێكهاتووە، دەچنە ناو شاری حەسەكە، ڕۆژی سێشەمیش گرووپی دووەم بەهەمان قەبارە دەچنە ناو شاری قامیشلۆ.
بەگوتەی ئەو، هەموو ئەو هێزانە خەڵكی پارێزگای دەرعان، ئەمە مەرجێكە كە لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكراتەوە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكاندا دیاری كراوە.
بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئەو هێزانەی دەچنە ناو حەسەكە، لە سێ چوار شوێنی دیاریكراو لەناو سەنتەری شاردا جێگیر دەبن، بە یاوەریی ئاسایشی ناوخۆ كە كوردن، ئامادەبوونیان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەبێت.
30ـی مانگی ڕابردوو ڕێككەوتنێك لە نێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتی سووریا واژوو كرا، ڕێككەوتنەكە 14 خاڵ لە خۆ دەگرێت.