ئێران دەرگەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا دەكاتەوە

:: PM:05:20:02/02/2026 ‌

دوای هەواڵەكانی دوێنێ بەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەرگەی بە رووی تاران كردووەتەوە بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لەسەر داوای ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە، ئەمڕۆ دووشەم میدیاكانی ئێران رایان گەیاند كە سەرۆكی ئێران فەرمانی داوە بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆكان و بڕیارە بەمنزیكانە وەزیری دەرەوەی ئێران و نێردراوی تایبەتی كۆشكی سپی كۆ ببنەوە.

وەك ئاژانسی "فرانس پرێس"، باسی كرد، میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران رێنوێنی دەركردووە بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی ئاماژەی كرد كە پێشبینی دەكرێت گفتوگۆكان لە رۆژانی داهاتوو بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات ساز بكرێت، بەڵام شوێن و كاتی كۆبوونەوەكان بە وردی دیار نییە، ئەگەری هەیە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی كۆشكی سپی سەرۆكایەتیی هەردوو شاند بكەن.

لەوكاتەی ئیسرائیل دەڵێت سبەی سێشەم ویتكۆف سەردانی ئیسرائیل دەكات و لەگەڵ بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیران و فەرماندەی سوپای ئیسرائیل كۆ دەبێتەوە، ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی ئاماژە دەكات كە گفتوگۆكان تەنیا پێوەستن بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و لە ئەگەری لێكگەیشتنی هەردوولا دەست بە گفتوگۆ دەكەن.

هاوكات لەگەڵ كۆكردنەوەی هێزی زیاتری سەربازی لە كەنداو و ئەو هەڕەشانەی رۆژانە سەرۆكی ئەمەریكا لە سەركردەكانی ئێرانی دەكات و ئەو گوشارە ئابوورییەی خەریكە ئەو وڵاتە دەخنكێنێت، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە چەند وڵاتێك كار بۆ رێكخستنی كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ئەنقەرە دەكەن.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریكا ئاماژەی كرد كە ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا لە رێگەی چەند كەناڵێكی پێوەندییەوە بە ئێرانی راگەیاندووە كە بە رووی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن كراوەن، هەریەك لە توركیا و قەتەر و میسر كار بۆ رێكخستنی كۆبوونەوەیەك لە نێوان ستیڤ ویتكۆف نێردراوی كۆشكی سپی و بەرپرسانی ئێران لە ئەنقەرە لەم هەفتەیە دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل