ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە فەرمی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ڕێککەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند، و داوای کرد بەبێ دواکەوتن جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەم، دووی شوباتی 2026، دوای کۆبوونەوەی کابینەی حكوومەتی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، هیوادارین ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەبێ هیچ دواکەوتن و دەست پێ کردنەوەیەک جێبەجێ بکرێت.
ئەردۆغان دووپاتی کردەوە، ئەنقەرە پشتگیری لە هەموو هەنگاوێک دەکات کە بەشدار بێت لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا و گەرەنتیی یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی سیاسیی ئەو وڵاتە بکات.
سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان لەگەڵ ئاشتی و سەقامگیری و هاوسەنگیی کۆمەڵایەتین لە هەموو بەشێکی ناوچەکەدا. گوتیشی، ناتوانین هەست بە سەلامەتی بکەین لە کاتێکدا ئاگر و ململانێ و شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکانمان هەیە.
ئەم لێدوانەی ئەردۆغان بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی تورکیا دادەنرێت، کە پێشتر دژایەتیی هەر جۆرە ددانپێدانانێکی بە هەسەدە دەکرد، بەڵام ئێستە لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە هەرێمییەکان پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە دەکات.