ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ داوای بژاردەی هێرشی "خێرا و یەکلاکەرەوە"ی دژی ئێران کردووە، هاوکات بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لە نێوان هەردوولا لە ئیستانبوڵ بەڕێوە بچێت.
ئەمڕۆ دووشەم دووی شوباتی 2026، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، ترەمپ داوای کردووە بژاردەکانی بۆ ئامادە بکەن تا هێرشێکی خێرا و یەکلاکەرەوە بکاتە سەر ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسەکان بە نێوەندگیرە هەرێمییەکانیان ڕاگەیاندووە کە ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەنجامدانی هێرشەکە نەداوە.
بەپێی ڕۆژنامەکە، ترەمپ بژاردەیەکی دەوێت کە مەترسیی ڕاکێشانی ئەمەریکا بۆ جەنگێکی درێژخایەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا نەبێت، هەرچەندە ڕاوێژکارەکانی پێیان وایە دۆزینەوەی بژاردەیەکی لەو شێوەیە ئەستەمە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە دوای هۆشداریی ئەمەریکا، ئێران مانۆڕە سەربازییەکانی لە گەرووی هورمز هەڵوەشاندووەتەوە.
لەلایەکی ترەوە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ئاشکرای کرد، ستیڤ ویتکۆف نێردراوی کۆشکی سپی، ڕۆژی هەینیی داهاتوو لە ئیستانبوڵ لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ دەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی ئەگەری.
ئەمە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران لە دوای هەرەسھێنانی دانوستانەکان و "جەنگی 12 ڕۆژە"ی ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو.