خەریكە وادە دەستوورییەكان پێوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق تێپەڕ دەبن و پەرلەمان ناتوانێت دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكات، ئەگەرچی ئەو بابەتە لە ناو كورد ناكۆكی لەسەرەن بەڵام ئەوەی تەنگژەكەی قووڵتر كردووە وابەستەكردنیەتی بە راسپاردنی بە كاندیدێكی شیعە بۆ سەرۆك وەزیران كە ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە، بۆیە شارەزایان پێیان وایە دۆخی ناوخۆیی و سیاسییانەی عێراق زۆر خراپە.
عەبدوڵا روكابی توێژەری سیاسی پێی وایە ئێستە عێراق بە مەترسیدارترین دۆخی ناوخۆیی تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی دۆخە سیاسییەكەی چووتە ناو حاڵەتی بۆشایی دەستووری و بەپێی یاسا زۆرینەی بەرپرسانی دەسەڵاتی فرەوانیان نییە، ئەوەش لە سایەی پەرەسەندنی جموجۆڵی گرووپە چەكدارەكان بە هەڕەشەكردن لە واشنتن ئەگەر هێرش بكاتە سەر ئێران.
روونی كردەوە، هاوكات چینی سیاسیی فەرمانڕەوا لە عێراق درك بەوە ناكات كە لە دەرەوەی سنوورەكان روو دەدات، لە بازنەی بەشبەشێنە و دەستكەوتەكان دوورتر نابینن، ئەگەر راست بێت ئەمەریكا مارك ساڤایای دوور خستبێتەوە و كەسێكی تری لە پۆستەكە دیاری كردبێت، تەنگژەكە كۆتایی نایەت، چونكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سوورە لەسەر كۆتاهێنان بە میلیشیا عێراقییەكان و رەنگە هێرشی سەربازی لە دژی ئەوان ببینین، ئەگەر سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق لە چارەسەركردنی ئەو بابەتە شكست بێنێت.
رووكابی دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو هەموو كێشە و پەرەسەندانە لە عێراق روودەدەن و حزبەكان دەستەوەستانن لە رووبەڕووبوونەوەی راستیی ئاڵنگارییەكان، ئەوان بە سوودبینین لە گەشبینی بەهۆی پۆست و دەستكەوتەكانیان لە حكوومەتی نوێ بەرەو پێشەوە هەڵدێن.