وەك بڕیار بوو بۆ باسكردنی چەند پرسێكی گرنگ سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراق، لەوانە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنەگی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، شاندێكی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و چاوی بە بەرپرسانی باڵای هەولێر و سلێمانی كەوت.
شاندەكەی
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە و هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر و موحسین مەندەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی ئەساس و عەباس مووسەوی ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێك هاتبوو، ئێوارەی ئەمڕۆ شاندەكە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكانی گەڕایەوە بەغدا، وەك بەیاننامەیەكی نووسینگەی سوودانی باسی كرد.
دوێنێ عەباس مووسەوی ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد كە بڕیارە سبەی دووشەم شاندێكی باڵای چوارچێوە بۆ دیداری سەركردەكانی كورد لە هەولێر و سلێمانی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، سەردانەكە لەسەر بنەمای بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوایین كۆبوونەوەی دێت، بۆ دۆزینەوەی لێكگەیشتن لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆك كۆمار لە رێگەی لێكنزیككردنەوەی بۆچوونیان، ئەوەش بەپێی رەوتی كاری چوارچێوە بە پێویستی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەكان.
ئەمڕۆ دووشەم سەرۆك بارزانی لە پیرمام لەگەڵ شاندێكی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی جێگرانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی و هۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد و سیداد بارزانی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و فوئاد حوسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی كۆبووە.
لەو كۆبوونەوەكە رۆشنایی خرایە سەر دۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی ناو پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، پێوەست بە بابەتی سەرۆك كۆمار، سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە كە سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، دەبێت میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچەسپێنرێت، بۆ ئەوەی هەموو كەڕەتێك پرۆسەی سیاسی تووشی كێشە نەبێت، بەپێی ئەو میكانیزمانە كاندیدی سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت.