شانەیەكی تیرۆریستان لە رۆژئاوا گیران.. تەقەیان لە شاندی حكوومەت كردووە

:: PM:05:41:03/02/2026 ‌
ئاسایشی كانتۆنی جزیرە لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕای گەیاند، لە كاتێكدا قەدەغەی هاتوچۆمان ڕاگەیاندبوو، شانەیەكی تیرۆریستان دەستڕێژی گوللەیان لە شاندی حكوومەتی كاتی كرد، بەشێكی زۆری ئەندامانی شانەكە گیران.

سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ تێكدانی ڕێككەوتنی نێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتی سووریا و دروستكردنی پشێوی لە حەسەكە لەلایەن شانە نووستووەكانی تیرۆریستانەوە، فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی ئاسایش ناوخۆی جەزیرە لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە كاتێكدا هێزەكانمان لە ئاسایشی ناوخۆی كانتۆنی جزیرە بە پێی ڕێككەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە، ئەركی ئاسایشی خۆیان بۆ هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی سووریا بۆ ناو شاری حەسەكە جێبەجێ دەكرد، شاندەكە كەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی شانە تیرۆریستییەكان كە هەوڵی تێكدانی ئاسایش و دروستكردنی پشێوی لە ناوچەكەدا دەدا.

" دەستبەجێ هێزەكانمان كەوتنە جووڵە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی شاندەكە و پاراستنی خەڵكی مەدەنی لە دەوروبەری شاندەكە، سەرچاوەی تەقەكان دۆزرایەوە و گەڕان بەدوای ئەو شانە تیرۆریستییانەی كە بەشدارییان لە هێرشەكەدا كردووە دەستی پێ كرد، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا بەشێكی زۆر لە ئەندامانی ئەو شانانە گیران" لە راگەیەنراوەكەدا وانووسراوە. 

هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی كانتۆنی جزیرە پابەندبوونی بەردەوامی خۆیان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان لە ژێر بەرپرسیارێتییدا دووپات دەكەنەوە، هەروەها ئیرادەی خۆیان بۆ ڕاوەدوونانی هەموو ئەو كەسانە دووپات دەكەنەوە كە هەوڵی تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە دەدەن.



وشە - وشه‌