رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى ئاشكراى ده‌كات، هه‌ڵمه‌تێكى راگه‌یاندن دژ به كورد ده‌ستى پێ كردووه و لایه‌نگرانى مالیكى ده‌یانه‌وێ دواكه‌وتنى پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكوومه‌ت بخه‌نه ئه‌ستۆى لایه‌نه كوردییه‌كان كه‌چى راستییه‌كه ئه‌وه‌یه، دواكه‌وتنى پرۆسه‌كه پێوه‌ندى به خودى نوورى مالیكییه‌وه هه‌یه و به‌ر له كورد و سوننه‌یش ئه‌مه‌ریكا و خودى هێزه گرنگه‌كانى شیعه دژى كاندیدبوونى مالیكین.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م سێى شوبات رۆژنامه‌ى
مه‌داى عێراقى ئاشكراى كردووه، هه‌ڵمه‌تێكى راگه‌یاندن دژ به كورد ده‌ستى پێ كردووه و ده‌یانه‌وێ وا نیشان بدرێت كه كورد پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكوومه‌تى دواخستووه، كه‌چى رووه راسته‌كه ئه‌وه‌یه خودى نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا كێشه‌كه‌یه.
له راپۆرته‌كه‌ى مه‌دا هاتووه، وا ده‌رده‌خه‌ن كه چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى 48 سه‌عات مۆڵه‌تى به لایه‌نه كوردییه‌كان داوه، بۆ ئه‌وه‌ى دۆسیه‌ى كاندیدیان بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار یه‌كلایى بكه‌نه‌وه. رۆژنامه‌كه ده‌ڵێ، "گوتارى راگه‌یاند به‌رپرسیارێتى ته‌نگژه‌كه به ته‌نیا ده‌خاته سه‌ر كورد، كه‌چى سه‌ركرده دیاره‌كانى شیعه، له‌وانه عه‌مار حه‌كیم، قه‌یس خه‌زعه‌لى، حه‌یده‌ر عه‌بادى دژى كاندیبوونى مالیكین، سه‌ره‌ڕاى ناڕه‌زایى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى پێشووى په‌رله‌مان".
رۆژنامه‌ى مه‌دا وه‌ك نموونه لێدوانى ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى بزووتنه‌وه‌ى سادقوونى هێناوه‌ته‌وه كه باڵى سیاسى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌قه و قه‌یس خه‌زعه‌لى رێبه‌رایه‌تى ده‌كات، ئه‌و ئه‌ندامه حوسێن شێخانییه و ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر پێمان بگوترێت ئێمه ده‌مانه‌وێ مالیكى راسپێردرێت، واژوو كۆبكه‌نه‌وه، ئه‌وا قه‌یس خه‌زعه‌لى واژووى ناكات، ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت زۆرینه رازى بن".
ئه‌م هۆكاره وا ده‌كات رۆژنامه‌كه بڵێ، "جووڵه‌ى شاندى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیش بۆ هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى ئه‌وه بوو سێیه‌كى په‌كخه‌ر جێبه‌جێ نه‌كرێت كه شیعه و كورد و سوننه له خۆ بگرێت بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ى مالیكى".سێیه‌كى په‌كخه‌ر پێویستى به 110 ده‌نگى په‌رله‌مانتاران هه‌یه، بۆیه به‌ره‌ى دژ به مالیكى له كورد و شیعه و سوننه ده‌توانن ئه‌مه به‌كاربهێنن.
رۆژنامه‌ى مه‌دا باس له‌وه ده‌كات ماوه‌ى دوو مانگ زیاتره، چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى هه‌وڵ ده‌دات نوورى مالیكى بۆ جارى سێیه‌م بكات به سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام له‌وه سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. رۆژنامه‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات مالیكى له‌ناو چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى و ده‌وروبه‌رى به "سه‌رى ترێله‌كه" ناو ده‌برێت گوایه ئه‌و هه‌موو چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى به دواى خۆى راده‌كێشێت.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكایش دووپات له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه كراوه‌ته‌وه، هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكا له به‌رانبه‌ر مالیكى جێگیره. هه‌رچه‌نده باس له دوورخستنه‌وه‌ى مارك ساڤایا ده‌كرێت كه وه‌ك نێرده‌ى كاروبارى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا دانرا بوو. به‌ڵام مه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات تۆم باراك چه‌ندان جار سه‌ردانى عێراقى كردووه و هه‌ڵوێستى له به‌رانبه‌ر مالیكى له ساڤایا توندتره.