بەریتانیا: كار بۆ لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكەین

:: PM:06:01:03/02/2026 ‌

بەهۆی سەركوتكارییەكانی تاران بۆ خۆپێشاندانە جەماوەرییەكانی دوایی، دوێنێ بەریتانیا سزای خستە سەر ژمارەیەك بەرپرسی ئێران، وەزیرێكی بەریتانی دووپاتی كردەوە كە رۆژانی دوایی قەبارەی توندوتیژی و دڕندانەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بەرانبەر بە خۆپێشاندەران پێشان دا. 

هامیش فالكۆنەر وەزیری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وتەیەك لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانیا بەتوندترین شێوە سەركۆنەی دەستدرێژیكردنە سەر خۆپێشاندەرانی ئێرانی كرد و رای گەیاند كە حكوومەتی وڵاتەكەی بەڵێنی بە پەرلەمان داوە بە لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی ئێران، ئێستە بەریتانیا سوای خستووەتە سەر ژمارەیەك بەرپرسی ئێرانی لەوانە وەزیری ناوخۆ بەهۆی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ، ئەوەشی راگەیاند كە لەگەڵ هاوپەیمانان كار بۆ ۆرێگرتن لە ئێران لە بوون بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی دەكەن.

ئەمە و بڕیارە هەینی داهاتوو لە توركیا كۆبوونەوەیەك لە نێوان شاندەكانی ئێران و ئەمەریكا ساز بكرێت و بەپێی زانیارییەكان شەش دەوڵەت بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆكان لەبارەی ئێران داوەت كراون.

لای خۆیەوە جان نویل بارو وەزیری دەرەوەی فڕەنسا رای گەیاند كە دەبێت ئێران بۆ خۆپاراستن لە هێرشی ئەمەریكا سازشی گەورە لە گفتوگۆ دیپلۆماسییەكان بكات، ئێستە ئەمەریكا لە دۆخێكدایە دەتوانێت هێرشی سەربازی بكاتە سەر ئێران، هاوكات رێڕە‌وێكی دیپلۆماسیانەی خستووەتە بەردەم ئێران و دەبێت ئەوان سوودی لێ ببینن و سازشی گەورە و گۆڕانكاری گەورە لە رەوتی كاركردنیان بكەن، دەبێت لە هەڕەشەكردنی دراوسێكانی و بەرژەوەندییەكانمان بوەستێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل