جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، هەر بڕیارێك لە لایەن سەركردایەتیی كوردستان و سەرۆك بارزانی تایبەت بە پۆستی سەرۆكی كۆمار دەربچێت، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتى جێبەجێی دەكەین.
ئەمڕۆ سێشەم، سێی شوباتی 2026، فەرهاد ئەترووشی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێ، بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندن، هەواڵێكی دوور لە راستییان بڵاوكردووەتەوە و بانگەشەی بوونی جیاوازی بیروڕا لە نێوان سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن لەبارەى پۆستی سەرۆكی كۆمار.
"ئێمە لێرەوە دووپات لە نادروستی ئەم بانگەشە و لێكدانەوانە دەكەینەوە، داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین وردبینی بكەن و دڵنیا بن لە سەرچاوەكانی هەواڵ، پێش بڵاوكردنەوەی". ئەترووشی وا دەڵێ.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دووپاتی دەكاتەوە، هەر بڕیارێك لە لایەن سەركردایەتیی كوردستان و سەرۆك مەسعوود بارزانی تایبەت بە پۆستی سەرۆكی كۆمار دەربچێت، جێبەجێ دەكەین لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی.