سەرچاوەیەكی نزیك لە ماڵباتی موعەمەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ سەیفولئیسلام قەزافی لە ماڵەكەی بە دەستی چوار كەس لە شاری زەنتان لە رۆژئاوای لیبیا كوژراوە، بكوژەكان كە هەوڵی گرتنیان داوە، هەڵاتوون.
بەپێی
سەرچاوەكان سەیفولئیسلام لە ماڵەكەی هێرشی كراوەتە سەر و شەڕ دروست بووە و بریندار كراوە، بە برینداری كوژراوە و نازانرێت ئەوانە كێن كە هێرشیان كردووەتە سەری و كوشتوویانە، لای خۆیەوە عەبدوڵا عوسمان راوێژكاری سیاسیی سەیفولئیسلام لە پۆستێكدا كوژرانی سەیفولئیسلامی رای گەیاند، بێ ئەوەی وردەكاریی رووداوەكە و ئەو وڵایەنەی هێرشەكەی ئەنجام داوە ئاشكرا بكات.
بەپێی سەرچاوەكان چەكدارەكان بەر لە هێرشەكە كامێرای چاودێریی شوێنی مانەوەی سەیفولئیسلامیان پەك خستووە و هێرشەكەیان ئەنجام داوە و شەڕ دروست بووە، لە سەعات 2:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ كوژراوە، لای خۆیەوە یەكە سەربازییەكانی سەر بە حكوومەتی یەكێتیی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا رەتیان كردەوە ئەوان هێرشەكەیان ئەنجام دابێت.
سەیفولئیسلام قەزافی لەدایكبوونی 1972 و بەر لە 2011 رۆڵێكی گەورەی لە لیبیا هەبوو، دوای رووخانی رژێمی باوكی لە لیبیا، گیرا و بەهۆی رۆڵی لە دامركاندنەوەی راپەڕینی دژی باوكی و كوشتنی خۆپێشاندەران سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، لە 2015 سزاكەی هەڵوەشایەوە، لە 2017 ئازاد كرا و لە شاری زەنتان لە رۆژئاوای لیبیا نیشتەجێ بوو.