تا دێت چانسی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ كاندیدبوون لەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق كەمتر دەبێتەوە، ئەوەش بەرانبەر بە زیادبوونی گوشارەكانی ئەمەریكا و هەڕەشەكانی، كە دابەشبوون و لێكرترازانی گەورەی لە هەڵوێستی ناوخۆی شیعەی زیاتر كردووە، بۆیە شارەزایان پێیان وایە مالیكی لە كشانەوە نزیك بووەتەوە.
سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە بەرپرسێكی باڵایە گوتی، چانسی مالیكی بۆ بەدەستهێنانی سێیەم خولی سەرۆكایەتیی وەزیران زۆر دابەزیوە، دەستگرتنی ئێستەش بە كاندیدبوون بە مەبەستی گەڕانەوەی بۆ پۆستەكە نییە بەقەدەر ئەوەی هەوڵدانە بۆ رێگرتن لە گەیشتنەوەی محەمەد شیاع سوودانییە بۆ پۆستەكە.
روونی كردەوە، پێشتر سوودانی سازشی بۆ مالیكی كرد، لە بەرانبەر بەڵێندان بۆ پاڵپشتیكردنی ئەگەر مالیكی لە پێكهێنانی حكوومەت شكستی هێنا، كە ئێستە هەوڵی بەرجەستەكردنی سیاسییانەی ئەوە دەدات، سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە هاوكات مالیكی دەیەوێ ئەگەر خۆی نەیباتەوە، لە رێگەی دیاریكردنی شوێنگرەوەی خۆی قسەی كاریگەری هەبێت.
ئەو بەرپرسە باڵایەی چوارچێوە گوتی، هەموو لایەنەكانی چوارچێوە زانیارییان بە پەیامەكانی ئەمەریكا هەبوو كە كاندیدبوونی مالیكییان رەت دەكردەوە، تەنانەت بەر لە كاندیدكردنی بەفەرمی، ئەوە لەوكاتەی مالیكی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا رەتی كردەوە كە سوودانی داوای گەرەنتی بەرانبەر بە پاڵپشتیكردنی كردبێت و گوتی، خۆی دەستبەرادری سەرۆك وەزیران بووە و ئەوەش بۆ ئەو كتوپڕ بووە.