شیعە داوای یەكلاكردنەوەی بەپەلەی پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن

:: PM:10:37:04/02/2026 ‌

بڕیار بوو هەفتەی رابردوو پۆستی سەرۆك كۆمار لە دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق یەكلا بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكان نەكرا، تا ئێستە دیار نییە كەی یەكلا دەكرێتەوە، چونكە باباتەكە تەنیا لەسەر ناكۆكیی نێوان هێزە كوردییەكان نەماوە و بووەتە ململانێ لەگەڵ ئەمەریكا، كە ئەوەش عێراق دەخاتە مەترسییەكی گەورەوە، ئەمشەو شیعە كۆ بوونەوە و داوای یەكلاكردنەوەی بابەتی سەرۆك كۆماریان كرد.

دوای سەردانەكەی شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی عەمار حەكیم لە بەغدا ساز كرد، بەپێی بەیاننامەیەكی فەرمانگەی میدیایی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەوان تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەكانی دۆخی عێراق و ناوچەكەیان كرد.

بەیاننامەكە روونی كردەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی لە رێزگرتن لە وادە دەستوورییەكان و پابەندبوون پێوەیان وەك ئەوەی لە دەستووری عێراق هاتووە، كردەوە، داوای یەكلاكردنەوەی دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لە ماوەیەكی كورت كردەوە، باسی پێویستیی گرنگیدانی كورد بە پێشنیازەكانی شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوایین سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان كرد بەو شێوەی ببێتە پەلەكردن لە سازان و كۆتاهێنان بە پەكخستنی هەیە.  

چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە ئەندامانی لە پەرلەمانی عێراق كرد بۆ ئەوەی لە حاڵەتی نەگەیشتن بە یەك كاندیدی بۆ سەرۆك كۆمار، لە دەنگدان و هەڵبژاردنیان ئازاد بن، چونكە پەكخستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت لەگەڵ قەبارەی ئاڵنگارییە سیاسی و ئابووری و تەناهییەكانی ناوچەكە ناگونجێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل