فارووق رەفیق: ئۆجەلان لە رێگەی میتی توركەوە بەرنامەی لەناوبردنی كورد جێبەجێ دەكات

:: AM:11:15:05/02/2026 ‌
نووسەر و لێكۆڵەری دیاری كورد فارووق رەفیق لەبارەی پڕۆژەكەی ئۆجەلان كە باس لە كۆتایی دەوڵەت نەتەوە دەكات هاتە دەنگ و رای گەیاند، ئەم پڕۆژەیە لە هەناوی میتی توركی هاتووە و دژی كورد كار دەكات.

فارووق رەفیق لە پۆسكاتێكی دەزگای ئاوەز رای گەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا كتێبێكی نوێم بڵاو دەبێتەوە بەوردی باسی ئەو فاشیستە ئیسلامییەم كردووە، باسی مەترسیی فكرە نوێیەكانی ئۆجەلانم كردووە.

لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بەوردی تیشكی خستە سەر ئەوەی كە پڕۆژەكە ئەوەبوو رۆژئاوا بكەنە قوربانی و دواجاریش كردیان، پڕۆژەكەی ئۆجەلان هیچ نییە جگە لە كردنی حزبێكی سیاسیی كوردی وەك پەكەكە بۆ كەڵتێكی ئاینی، كەئێستە بووەتە مەترسی بۆ سەر كورد و لەو رێگەیەشەوە میتی توركی بەرنامەی لەناوبردنی كوردی پێ جێبەجێ دەكات.

فارووق دەبێژێ، ئەم تێزە بێكەڵكەی گوایە دەوڵەت نەتەوە كۆتایی هاتووە، تێزێكی بێكەڵك و هەرزەكارانەیە و هیچ پێوەندی بەفەلسەفەی سیاسییەوە نییە و تەنیا بۆ لێدانی كورد دروست كراوە.

"كارەساتی رۆژئاوای كوردستانیش ئەوەی سەلەماند كە ئەم تێزە بێكەڵكە چ كارەساتێكی بۆ كورد پێیە، چونكە دەركەوت هەر نەتەوەیەك دەوڵەتی نەبێت، وەك پووشی دەم بای لێ دێت و دەبێتە قوربانی، لەسەر ئاستی دنیا خەڵك خەریكی دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەین، كەچی ئەوان باسی مەترسی ئەو تێزە دەكەن و ئامانجەكەش ئەوەیە كوردی پێ بتوێننەوە".

لەبارەی برایەتیی گەلانەوە فارووق رەفیق دەڵێت: هەموو كادرە دیارەكانی پەكەكە خەریكن باس لە كۆتاهێنانی دەوڵەت نەتەوە دەكەن، بەڵام بۆ كورد نەك بۆ تورك، ئەم تێزە باسی ئەوە ناكات لە دنیادا دەوڵەت نەتەوە كۆتایی هاتووە، یان كۆتایی بێت بەتایبەت لە توركیا، بەڵام باس لە كورد دەكات كە پێویستی بەدەوڵەت نییە بەتایبەت ئەو دەوڵەتە نەتەوەیی بێت.

بەڕای فارووق ئێستە دەردەكەوێت ئەو تێزە هەرەسی هێناوە و لە رووی ئەخلاقیشەوە كەوتووە، دەڵێت: پێش منیش د. بورهان یاسین باسی ئەو مەترسییەی كرد، بەڵام كەوتە ژێر هێرشی فاشیزمی لایەنگرانی ئۆجەلان. 

ئەوەی وەك خۆر ئاشكرایە لە حەوتی ئۆكتۆبەری 2023وە توركەكان دەستیان بەكاركردن كرد بەشێوەیەكی تر دژ بەكورد، هەمیشە روون بووە تورك گەورەترین دوژمنی كوردە، لەهەر شوێنێك پڕۆژەیەكی كوردی هاتبێت ئەوان دژی بوون و لێیان داوە، ئەوەش لەبەر یەك هۆی سادە، لەبەرئەوەی توركیا وڵاتی ئەوان نییە و ئەوان داگیریان كردووە و بۆ ئەوەش سێ نەتەوەیان جینۆساید كردووە، ئەو ترسە هەر ماوە، بۆیە هەمیشە بەربەرییانە دژی كورد كار دەكەن. 

فارووق دەڵێت: ئەوان هاتن پلانیان دانا و لەگەڵ بزووتنەوە كوردییە شكستخواردووەكەی كورد لە باكور دەستیان تێكەڵ كرد، هۆكارەكەشی ئەوەیە پڕۆژەی بزووتنەوەی كوردی لە باكور پڕۆژەی لەناو چەپی توركییەوە هاتووە، پڕۆژەی چەپیش دژی جوون و دژی ئیسرائیلن و ئۆجەلانیش بەپلەی یەك دژی جووە، ئەوەش وایكرد سەری بزووتنەوە كوردییەكەی خوارد، یەكەم فیشەك پەكەكە دەیتەقێنێت دژی توركیا نەبوو دژی ئیسرائیل بوو، ئەو بزووتنەوەیە لە بناغەوە بەهەڵە هاتووە، ئێستە هۆشیار بووینەتەوە و دەبێت رەخنەی بكەین.

توركەكان لە 2012 سەرقاڵی بەهێزكردنی داعش بوون لە سووریا و عێراق، دواتر جەبهەی نوسرە و ئەوانی تر هەموو دروستكراوی هەواڵگریی توركیان، پێشتر لە كۆنفرانسێكدا لە رۆژئاوای كوردستان كە منیش لەوێ بووم، هەزاران بەڵگە خرانە روو چ لەلایەن كوردەكانەوە و چ لەلایەن عەرەب و بیانییەكانی ترەوە، كە توركیا لە پشت ئەم هێزانەی داعشەوەن. توركیا لەوكاتەوە بەردەوام بوو لە پاڵپشتی ئەو گرووپانە و تا گەیشتە ئەحمەد شەرعی ئَێستە، توركیا سووریای بەتەواوی داگیر كردووە، وەك ترەمپیش گوتی،  لەلایەن ئەو گرووپانەی كە خۆی دروستی كردوون، پڕۆژەكەش ئەوەبوو پڕۆژەی ئۆتۆنۆمییەكەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كۆتایی پێ بێنێت. فارووق وای گوت

كێشەكە ئێستە ئەوەیە لە باكوریش نەتەوەیەكیان بەناوی پرۆسەی ئاشتییەوە سەرقاڵ كردووە و نەتەوەیەكیان پێ گەوجاندووە، كورد خۆی خەریكی ستایشكردنی پرۆسە بەناو ئاشتییەكەیە، بەڵام پرۆسەكە جگە لە پلانێك زیاتر هیچیتر نییە، ئەوەش لەبەرئەوەی نەتەوەیەكی ساویلكەین، چونكە گوێ لە گیراوێكی بەردەستی میتی توركیا دەگرین و بەقسەی ئەو دەجووڵێنەوە، ئاخر لە كوێ بووە تۆ پلانی دوژمنەكانت لە رێگەی سەركردەیەكی گیراوی بندەستیان جێبەجێ بكەیت.

ئۆجەلان گەمەكەرێكی ئەو ئابڕووچوونەیە كە ئێستە لە باكوری كوردستان دەگوزەرێت، ئەو هەموو شتێكی كردە قوربانی گوتاری توركی و پەكەكەش  لە حزبێكی سیاسییەوە بووە بەكەڵتێكی ئاینی و هەموو كارێكیان بۆ پەرستنی ئۆجەلانە، ئێستەش تاكە داوای سەرەكییان لە توركیا ئازادكردنی ئۆجەلانە. ئەوانە هەموو دۆزی نەتەوەكەیان كردە قوربانی ئەم ئایدۆلۆجیا بێكەڵكە. ئۆجەلان نابێت گوێشی لێ بگیرێت، چونكە دژی مێژووی خۆشی كار دەكات و بۆ گەیشتن بەو قۆناغە، پەكەكە 60 هەزار شەهیدی داوە، بەڵام ئێستە دژی ئەو قوربانییانەش كار دەكەن.

توركیا لەسەر خاكی یۆنان و كورد و ئەرمەن دروست بووە و توركیا لەسەر ئەو سێ نەتەوەیە بنیات نراوە، كورد لە دوای ئەو هەموو پلانە ماوەتەوە و گەورەترین مەترسییە بۆ توركیا، هەموو هەوڵێكیان لەگەڵیدا نەیانتوانی كۆتایی بەكورد بێنن، ئێستە پلانە نوێیەكەی توركیا ئەوەیە بەتێزەكەی ئۆجەلان، كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان لەناو بەرێن، لە رۆژئاوای كوردستانەوە دەستیان پێ كرد و تێزەكەش باش كار دەكات، رەنگە باشترین چەكی بەردەستی توركیش بێت بۆ لەناوبردنی دۆزی كوردی بەیەكجاری.







وشە - سۆران عەزیز