دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند، ئێرانییەکان تەنیا لەبەر ئەوەی لە گورزی سەربازی دەترسن، گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن دەکەن، هاوکات هۆشداریی دا کە کەشتیگەلێکی گەورە لێیان نزیک بووەتەوە و حەماسیشی خستە بەردەم دوو بژاردە.
ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی ئێران گفتوگۆمان لەگەڵ دەکات، چونکە نایانەوێت لێیان بدەین، لە کاتێکدا کەشتیگەلێکی گەورە لێیان نزیک دەبێتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی کرد و ڕای گەیاند، توانیویەتی کۆتایی بە جەنگی غەزە بهێنێت و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی بهێنێت، هەروەها سەرجەم بارمتەکانی گەڕاندووەتەوە.
ترەمپ باسی لەوەش کرد، حەماس یارمەتیی داین بۆ گەڕاندنەوەی دواین بارمتە و ئێستە دەبێت دەستبەرداری چەکەکانیان ببن.
سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، حەماس ڕازی بووە چەک دابنێت و دەبێت ئەوە بکەن، ئەگەرنا بوونیان نامێنێت.