ئێران عەلی شەمخانیی کردە ئەمینداری ئەنجوومەنی بەرگری

:: PM:09:02:05/02/2026 ‌
مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، بڕیاری دا عەلی شەمخانی وەک ئەمینداری ئەنجوومەنی بەرگری دیاری بکات، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی بەرگریی وڵاتەکە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئەمەریکا.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم، پێنجی شوباتی 2026، سەرۆکی ئێران فەرمانی دامەزراندنی عەلی شەمخانیی دەرکرد. ئاژانسی "تەسنیم" بڵاوی کردەوە، ئەرکەکانی ئەم ئەنجوومەنە بریتی دەبن لە بەرزکردنەوەی ئامادەیی بەرگری، ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە نوێیەکان و دروستکردنی هاوئاهەنگی لە بڕیاری بەرگریدا لە نێوان دامەزراوە سەربازی و تەناهییەکان.

شەمخانی کە ئێستە ڕاوێژکاری سیاسیی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵایە، بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکان دادەنرێت و خاوەنی ئەزموونێکی درێژە لە دۆسیە ستراتیجییەکان، پێشتریش ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بووە.

ئەم گۆڕانکارییە ئەمنییە لە کاتێکدایە ناوچەکە گرژیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەڕەشەی بۆردمانکردنی تارانی کردووە ئەگەر مەرجەکانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکان جێبەجێ نەکات.

هاوکات بڕیارە سبەی هەینی، گەڕێکی دانوستان لە نێوان واشنتن و تاران لە سەڵتەنەی عومان بەڕێوە بچێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.


وشە - پۆڵا مەحموود