وەزیری دەرەوەی ئێران پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان لە عومان، پەیامێک ئاراستەی واشنتن دەکات و ڕای دەگەیەنێت، مافەکانی وڵاتەکەی بۆ سازشکردن نین و بە چاوی کراوەوە دەچنە ناو گفتوگۆکان.
ئەمڕۆ هەینی شەشی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ئێران بە چاوی کراوەوە دەچێتە سەر ڕێڕەوی دیپلۆماسی، بەبێ ئەوەی ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردووی لەبیر کردبێت.
عێراقچی دووپاتی کردەوە، بە نیازپاکی بەشداری لە کارلێکەکان دەکەین و بە جێگیری دەست بە مافەکانمانەوە دەگرین، لە هەمان کاتدا بە توندی بەرگری لە مافەکانمان دەکەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، دەبێت ڕێز لە پابەندبوونەکان بگیرێت و گوتی، هاوتایی، ڕێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش دروشم نین، بەڵکو پێویستین و کۆڵەکەی هەر ڕێککەوتنێکی بەردەوامن.
ئەم پەیامەی عێراقچی کەمێک پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا دێت کە بڕیارە ئەمڕۆ لە سوڵتەنەی عومان بەڕێوە بچێت.
جێی باسە مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەم ڕای گەیاندبوو، واشنتن دەیەوێت گفتوگۆکان بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکە بالیستییەکان و پاڵپشتیی گرووپە چەکدارەکان لەخۆ بگرێت. لە بەرانبەردا ئێران دەڵێت دەیەوێت عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف نێردراوی ئەمەریکا، لە مەسقەت تەنیا گفتوگۆ لەسەر پرسە ئەتۆمییەکان بکەن.