ئابووریناسانی عێراق: مووچەی ئەم مانگە دەکرێتە قیست و تا ئادار دەخایەنێت

:: AM:09:38:06/02/2026 ‌
وەزارەتی دارایی عێراق دەنگۆی نەمانی پارە و دابەشنەکردنی مووچەی مانگی داهاتوو ڕەت دەکاتەوە، لە بەرانبەردا تیمێکی ئابووری هۆشداری دەدەن کە دابەشکردنی مووچە بە شێوەی قیست دەبێت و نرخی کاڵا لە بازاڕەکان بەرز دەبێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی شەشی شوباتی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە سەبارەت بە نەبوونی مووچە لە مانگی داهاتوو یان بەتاڵبوونی گەنجینەی دەوڵەت، بە "دوور لە ڕاستی" وەسف کرد.

وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان مسۆگەر کراوە و بەپێی کات و ڕێکارە پەسەندکراوەکان دابەش دەکرێت. هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و گوێ بە پەیجەکان نەدەن.

لە بەرانبەر ئەو دڵنیاییەی وەزارەتدا، تیمێک لە پسپۆڕانی ئابووری بە ناوی "ئابووریناسان"، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەیان بەوە داوە کە قسەکانی دارایی نیگەرانییەکان نا ڕەوێنێتەوە بەهۆی پشێوی لە بڕیارە ئابوورییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو تیمە، پێشبینی دەکرێت دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات "ئەم مانگە" بەشێوەی قیست و بەسەر فەرمانگەکاندا دابەش بکرێت و پرۆسەکە تا ناوەڕاستی مانگی ئازاری داهاتوو درێژە بکێشێت.

تیمەکە هۆشداریی داوە لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان بە ڕێژەی 40% بۆ هەندێک مادە و 15% بۆ هەندێکی تر، هەروەها ئەگەری کەمبوونەوەی خۆراک لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری لە دوو مانگی داهاتوودا، ئەگەر حكوومەت پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیدا نەکات.

ئەم هەواڵە لەكاتێكدایە، بە هۆی كێشەی سیولەوە مووچەی مانگی رابردووی مووچەخۆرانی عێراق دواكەوتنێكی زۆری بەخۆیەوە بینی. 




وشە - پۆڵا مەحموود