سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕوونکردنەوە لەبارەی ئەو دەنگی تەقینەوانە دەدات کە بەیانیی ئەمڕۆ لەسەر سنووری عێراق و ئێران لە دیوی خانەقین بیستران و ڕای دەگەیەنێت، هۆکارەکەی مەشقی سەربازیی ئێرانە.
ئەمڕۆ هەینی شەشی شوباتی 2026، سەرچاوەیەک بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ئەو تەقینەوانەی بەیانیی ئەمڕۆ لە نزیک شریتی سنووری بیستران، ئەنجامی مەشق و مانۆڕی سەربازیی هێزەکانی ئێرانن کە بنکەکانیان لە سنوورەکە نزیکە، بەڵام مەشقەکان لە قوڵایی 10 بۆ 15 کیلۆمەتر لە ناو خاکی ئێران ئەنجام دەدرێن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئەم مەشقانە ماوەیەکە بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی و بەتایبەت لە دۆسیەی بەرگریی ئاسمانیدا بەڕێوە دەچن.
هاوکات ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن تەقینەوەکان لە ناو خاکی عێراقدا ڕوویان دابێت و دووپاتی کردەوە، ڕووداوەکە لە ناو خاکی ئێراندایە، بەڵام سروشتی جوگرافیی ناوچەکە وای کردووە دەنگەکەی بگاتە ناوچە نزیکەکانی سنوور، لەوانە دەوروبەری قەزای خانەقین و دەروازەی مەنزەرییە.