هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا، دەستیان بە چۆڵکردنی یەکێک لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانیان کرد لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێکی کەرەستەکانیان بۆ عێراق دەگوازنەوە.
ئەمڕۆ هەینی شەشی شوباتی 2026، پڕۆسەی گواستنەوەی ئالییەتی سەربازیی قورس، سەرباز و کەرەستە و بارهەڵگرە لوجیستییەکان لە بنکەی "شەدادی" لە باشووری حەسەکە دەستی پێ کرد. بەشێک لەو هێزانە بەرەو خاکی عێراق دەگوازرێنەوە و بەشەکەی تریشیان بۆ بنکەی "خەراب ئەلجیر" لە نزیک شارۆکەی ڕمێلان دەبرێن.
بەپێی زانیارییەکان، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بنکەی شەدادی جووڵەیەکی "بێوێنە"ی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ئەمەریکای بەخۆیەوە بینیوە. هەروەها ئێوارەی دوێنێ کاروانێک کە لە زیاتر لە 100 بارهەڵگر و ئالییەتی سەربازی پێکهاتبوو، لە شەدادییەوە بەرەو سنووری عێراق و ڕمێلان کەوتووەتە ڕێ.
سەرچاوەیەکی تەناهی ئاشکرای کردووە، پڕۆسەی چۆڵکردنی تەواوەتیی بنکەکە لانیکەم پێویستی بە هەفتەیەک هەیە، چونکە هێشتا ژمارەیەک سەرباز و ئەفسەری سوپای ئەمەریکا و سیستمی ڕادار و بەرگریی ئاسمانی لە ناو بنکەکەدا ماون.
جێی باسە بنکەی شەدادی لەگەڵ بنکەکانی خەراب ئەلجیر و قەسرەک، بە گەورەترین بنکەکانی هاوپەیمانان لە پارێزگای حەسەکە دادەنرێن. ئەم کشانەوەیە دوای ئەوە دێت کە لەم دواییانەدا هێزەکانی حكوومەتی سووریا کۆنترۆڵی شاری شەدادییان کرد، دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لێی کشانەوە.