خاڵه‌كانى كۆبوونه‌وه شاندى كورد و ئاسایشى حه‌له‌ب:
كۆبانێ له‌ڕووى كارگێرى و ته‌ناهییه‌وه بخرێته‌وه سه‌ر حه‌له‌ب
داوا كراوه ئابڵۆقه‌ى سه‌ر كۆبانێ هه‌ڵبگیرێت
هێزه سه‌ربازییه‌كان له گونده‌كانى كۆبانێ بكشێنه‌وه
ئه‌مڕۆ له حه‌له‌ب كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌ت به كۆبانێ به‌ڕێوه‌چوو، له كۆبوونه‌وه‌كه نوێنه‌رانى كۆبانێ داوایان كرد هێزه سه‌ربازییه‌كانى دیمه‌شق له گونده‌كانى كۆبانێ بكشێنه‌وه و كۆتایى به ئابڵۆقه‌دانى شاره‌كه بێت.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى شه‌شى شوبات له حه‌له‌ب شاندى به‌ڕێوه‌بردنى كۆبانێ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئاسایشى حه‌له‌ب كۆبوونه‌وه. به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى ئاژانسى ساناى سوورى، كۆبوونه‌وه‌ى شاندى كۆبانێ له‌گه‌ڵ به‌رپرسى ئاسایشى شارى حه‌له‌ب بووه. له كۆبوونه‌وه‌كه دووپات له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك كراوه‌ته‌وه، كۆبانێ له رووى كارگێڕییه‌وه وه‌ك پێشوو سه‌ربه پارێزگاى حه‌له‌ب بێت.
جیا له‌وه‌یش شاندى كوردى داواى كردووه، هێزه‌كانى سه‌ربه دیمه‌شق له گونده‌كانى كۆبانێ بكشێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكه ئاواره‌كه بگه‌ڕێنه‌وه زێدى خۆیان و هه‌روه‌ها كۆتایى به‌و ئابڵوقه‌یه بهێنرێت كه خراوه‌ته سه‌ر كۆبانێ.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له حه‌سه‌كه كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تر‌ى له‌نێوان هه‌سه‌ده و شاندى وه‌زاره‌تى به‌رگرى سووریا به‌ڕێوه‌چوو.