لە ماوەی دوایی، بەتایبەتی لە سەروبەندی دیاریكردنی سەرۆكی حكوومەت و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، هەڕەشە و گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر عێراق زیادی كردووە، هێڵی سووری بۆ دیاری كردەوە بەوەی نابێت حكوومەتێكی نزیك لە ئێران بێتە دامەزراندن، پەرلەمانتارێكی پێشوو پێی وایە پشتگوێخستنی بۆچوونی ئەمەریكا عێراق دەخاتە ناو كێشەی گەورەی سیاسی و ئابوورییەوە.
چیایی تەیموور ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی كردەوە حزبەكەی لە پاڵپشتیكردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق پاشگەز نەبووەتەوە، هاوكات ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی كەسێكی تر بۆ پۆستەكە دیاری بكات، پاڵپشتی لەو دەكەن، ئەو وریایی لە پشتگوێخستنی بۆچوونی ئەمەریكا دەدات، بەوەی عێراق دەخاتە ناو كێشەی گەورەی سیاسی و ئابوورییەوە.
روونی كردەوە، بەپێی نەریتی سیاسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران پشكی پێكهاتەی شیعەیە، هەڵوێستی سەرۆك بارزانیش بە پێشوازیكردن لە كاندیدبوونی مالیكی وەك كاندیدی چوارچێوە، لە سۆنگەیەكی نیشتمانییەوە هاتووە، بەوەی مالیكی خاوەن ئەزموون و تێگەیشتن و هاوسەنگییە دەتوانێت لەو قۆناغە سەختەدا سەركردایەتیی عێراق بكات و بەرەو كەمترێكی ئارام بیپەڕێنێتەوە.
تەیموور پێی وابوو كە سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی ئەمەریكا، بەتایبەتی پێوەست بە دیاریكردنی كەسایەتییەكی نزیك لە واشنتن لە سەرۆكایەتی حكوومەت بۆ ئەو قۆناغە گرنگییكی زۆری هەیە، بەتایبەتی دوای گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، فەرامۆشكردنی بۆچوونی ئەو وڵاتە عێراق دەخاتە ناو كێشەی گەورەی سیاسی و ئابوورییەوە، هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان پێوەستە بە بڕیاری شیعە، بەتایبەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەگەر لەسەر كاندیدبوونی مالیكی بەردەوام بن، پارتی پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو ناكشێنێتەوە، تا كاندیدی شیعە بێت، بۆیە یەكلابوونەوەی ئەو بابەتە بە دەستی شیعەوەیە.