شۆفڵ و حەفارەكانی ئێران لە عێراق دەستیان بە هەڵكەندن كرد

:: AM:09:12:08/02/2026 ‌
بەپێی بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەك، شۆفڵ و حەفارەكانی ئێران لەناو خاكی عێراق دەستیان بە هەڵكۆڵین كردووە و بە دوای تەرمی سەربازانی هەشت ساڵەی جەنگی عێراق و ئێران دەگەڕێن.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی شوبات، عیسام كەریم چالاكی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەبێ‌ هیچ هاوئاهەنگی و حیسابكردن بۆ عێراق، لەسەر سنووری واست و دیالە چەندان شۆفڵ و حەفارەی ئێرانی دەستیان بە هەڵكۆڵین كردووە.

زیاتر گوتی، لێمان پرسیون ئێوە چۆن سنوور دەبڕن و بەدوای چیدا دەگەڕێن؟ لە وەڵامدا دەڵێن بەدوای تەرمی سەربازانمان لە خاكی عێراق دەگەڕێین كە لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران كوژراون.

هاوكات دورغام مالیكی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو كردووەتەوە، سەرسوڕمانی خۆی رادەگەیەنێت كە زەوییەكەی خۆی و بنەماڵەكەی هەڵكەنراوە بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەی سەربازە ئێرانییەكان.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، دەنگمان بەرز دەكەینەوە بۆ ئەوەی بەرپرسانی عێراق بزانن لەسەر سنوورەكان چی روو دەدات، چۆن پێشێلی خاكی عێراق دەكرێت و ئەو كارە بە ئێران رابگرن.

ئەو شەڕە لە ساڵی 1980 دەستی پێ كرد، حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی سەدام حوسێن هێرشی كردە سەر ئێران، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان كێشەی سنوور شەت عەرەب بوو و ماوەی شەڕەكە هەشت ساڵ بوو، هەردوو وڵات زیانی گەورەیان بەركەوت و كوژراوان و بریندارانی زۆر هەبوو، تێكچوونی ئابووری و شارستانی ئەو دوو وڵاتە دەرئەنجامەكەی بوو.




وشە - رامیار جەواد