بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی هاوپەیمانی دەوڵەت كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:46:08/02/2026 ‌
ئەمڕۆ هاوپەیمانیی دەوڵەت لە بەغدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی كۆ دەبێتەوە، ئامانجی سەرەكیی كۆبوونەوەكەش یەكلاكردنەوەی هەردوو پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری عێراقە.

عەباس مووسەوی ڕاوێژكاری ڕاگەیاندنی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە رای گەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران دەكرێت، هاوكات دۆخی ناوخۆی وڵات و پێشهاتەكانی ناوچەكەش تاوتوێ دەكرێت.

سەرچاوەیەكی باڵا لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕای گەیاند، هاوپەیمانیی دەوڵەت بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتـەوە، بۆ ئەوە مەبەستە ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی شوبات نیچێرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا.

هاوكات میدیای فەرمی یەكێتی بڵاوی كردەوە ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی دەچێتە بەغدا و بەشداریی لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی دەوڵەت دەكات.

تا ئـێستە كاندیدی سەرەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران نووری مالكییە، هەروەها هیچ ڕێككەوتنێك لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەكراوە.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە دوای هەڵبژاردنەكانی تشرینی یەكەمی 2021 و پاش كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان پێك هێنرا. ئەم هاوپەیمانییە لە لایەنە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەكان، هاوپەیمانیی سەروەری سوننەكان و پارتی و یەكێتی پێكدێت.



وشە - سۆران عەزیز