توركیا.. 13 كەس بەتۆمەتی هۆشبەر و بەدڕەوشتی گیراون و یەك لەوان برای هاوسەری ئیمامئۆغڵووە

:: AM:10:22:08/02/2026 ‌
بەتۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و هاوكات بەتۆمەتی كردەی بەدڕەوشتی، دادگای توركیا 13 كەسی ناوداری گرتووە و یەك لە تۆمەتبارەكان، دەكاتە برای هاوسەری ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەڵام لە لێدوانێكدا ئەو رەتی دەكاتەوە دەستی لەو كارە دزێوانەدا هەبێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی شوبات، لە میدیاكانی توركیای وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، عەلی كایا كە دەكاتە برای دیلیك ئیمامئۆغڵوی هاوسەری ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی توركیایە، یەك لەو گیراوانەیە كە 13 كەسی ناودارن و بەتۆمەتی بازرگانیی مادەی هۆشبەر و بەدڕەوشتی، لەلایەن پۆلیسەوە گیراون.

عەلی كایا لێدوانی داوە لەبارەی گیرانەكەی و گوتوویەتی، ئەوەی لەبارەی ئەوەوە دەگوترێ درۆ و دەسەلەیە و داوا دەكات بەڵگەی لەسەر بڵاو بكەنەوە، بۆیە خۆی لە تۆمەتەكە بە بێتاوان دەزانێت، بەڵام دەسەڵات داواكەیان رەت كردووەتەوە و پێیان وایە پێویست نییە و تۆمەتبارە.

ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كە پارێزگای ئیستانبوڵ بوو و سەربە حزبی گەلی كۆماریی ئۆپۆزسیۆن بوو، دیارترین ململانێكاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بوو، ئەویش دوای هەڵبژاردنی 2019 و 2024. بەڵام لە 2025 بەتۆمەتی گەندەڵی و ساختەی بڕوانامە زانكۆییەكەی هاتە گرتن، ئەوەیش وایكرد خۆپێشاندانی فراوان لە ئیستانبوڵ و زۆر شاری توركیا بەڕێوە بچێت، ئەویش ئاستەنگێك بوو لە بەردەم ئەردۆغان و بەو تۆمەتە لە بەردەم خۆی لایبرد و تا ئێستەیش لە گرتووخانەیە. 

بەمدواییە لە توركیا هەڵمەتێك بۆ گرتنی چەندان كەسی ناودار لە رۆشنبیران و هونەرمەندان و سەرمایەدارانی وڵاتەكە بەڕێوە چوو كە بەتۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر، دەیان كەس هاتوونەتە گرتن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د