ساڵی رابردوو ئێران و ئەمەریكا دەستیان بە گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی كرد، دوای چەند گەڕێك، كە شارەزایان بە كوشتنی كات لە لایەن ئێرانەوە وەسفیان كرد، گفتوگۆكان لە خاڵی پیتاندنی یۆرانیۆم وەستا و ئیسرائیل گوزرێكی گەورەی لە ئێران وەشاند و كۆتایی بە گفتوگۆكان هێنا، ئێستەش ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ هەیە و ئیسرائیل چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمەریكا دەكات.
لەوكاتەی بڕیارە چوارشەمی داهاتوو بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی واشنتن بكات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆ ببێتەوە، بەرپرسانی تەناهیی ئیسرائیل ئاماژە دەكەن كە پێشبینی ناكرێت گفتوگۆی ئێستەی نێوان ئێران و ئەمەریكا باسی سنوورداركردنی مەودای مووشەكە بالیستییەكانی ئێران لەخۆی بگرێت، واتە كۆت ناخرێتە سەر بەرنامە مووشەكی و ئەتۆمییەكەی ئێران و میلیشیاكانی وەك ئیسرائیل دەیەوێت.
وەك ماڵپەڕی
"والا"ی ئیسرائیلی گواستییەوە، بەرپرسانی تەناهیی ئیسرائیل ئاماژە دەكەن كە نیگەرانییەكی زۆر ناوەندی بەرگریی ئیسرائیلی گرتووەتەوە بەرانبەر بە ئاراستەی گفتوگۆكانی تاران و واشنتن، ئەوەش لە سایەی پێشبینیی شارەزایانی ئێران بەوەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران نیازی نییە دەستبەرداریی پڕۆژەی ئەتۆمی بێت كە بە گەرەنتی مانەوەی رژێمەكەی دادەنێت، بۆیە پێیان وایە ئەو گفتوگۆیەی ئێستە لە عومان دەكرێت زیان بە ئیسرائیل دەگەیەنێت و رەچاوی بەرژەوەندییە تەناهییەكانی بەرانبەر بە هەڕەشەكانی تاران ناكات.
بەرپرسانی ئیسرائیل باسی چەند سیناریۆیەك بۆ دۆخەكە دەكەن، لەوانە گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی، بەڵام ئیسرائیل لە كاتی بوونی هەر هەڕەشەیەكی ئێرانی بتوانێت هێرش بكاتە سەر تاران، ئەوە بژارەی سەربازی لە دژی ئێران دەگرێتەوە ئەگەر نەگەیشتن بە رێككەوتن، ئەوكات دەبێتە هەلێك بۆ وێرانكردنی هەردوو پڕۆژەی ئەتۆمی و مووشەكیی ئێران و لاوازكرلادنی رژێمەكەش.