بڕیارە چوارشەمی داهاتوو بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی واشنتن بكات و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، ماڵپەڕێكی ئیسرائیلی باسی ئەوە دەكات كە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانەكەی ژمارەیەك داواكاری پێیە، ئەوە هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا لە عومان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.
وەك ماڵپەڕی
"واینت"ی ئیسرائیبلی باسی دەكات، نەتنیاهۆ گەشتەكەی بۆ ئەمەریكا هێنایە پێشەوە، كە بڕیار بوو دوای دوو هەفتەی تر ئەنجامی بدات، ئەو لەگەڵ دەست پێكردنی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا هەوڵی دەدات ئەمەریكا لە گفتوگۆكان رەچاوی بابەتە گرنگەكان لای ئیسرائیل بكات، لەوانە بەرژەوەندییە تەناهییەكانی، كاتێك ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە لە گفتوگۆكان تەنیا باسی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بكرێت و چاوپۆشی لە بابەتەكانی تر بكرێت كە ئیسرائیل بە هەڕەشەیان دادەنێت.
لەو داواكارییانەی نەتنیاهۆ لەگەڵ ترەمپ باسیان دەكات، گفتەگۆكان بگەنە رێككەوتنێكی فرەوان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، وەستانی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم، بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی ئێران لە خاكی ئێران، گەڕانەوەی چاودێرانی نێودەوڵەتیی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و چاودێریكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكان لە نزیكەوە و بە چڕی، ئەنجامدانی سەردانی كتوپڕ بۆ شوێنە گومانلێكراوەكان.
سەبارەت بە بەرنامەی مووشەكیی ئێران، ئیسرائیل داوا دەكات مەودای مووشەكەكانی ئێران لە 300 كیلۆمەتر زیاتر نەبن، واتە نەگەنە خاكی ئیسرائیل و نەبنە هەڕەشە بۆی، هەر رێككەوتنێكی نوێ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران رێگری لە تاران بكات بە پاڵپشتیكردنی حزبوڵای لبنانی و حوسییەكانی یەمەن