"ترەمپ زۆر چاوەڕوان ناكات و بژارەی سەربازی لە دژی ئێران بەردەوامە"

:: PM:05:55:08/02/2026 ‌

هەینی رابردوو گەڕێكی تری گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە عومان بەڕێوە چوو، چەند سەرچاوەیەكی ئەمەریكی و دیپلۆماسی دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو گفتوگۆیەی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا هەیە، مانای ئەوە ناگەیەنێت كە ئەمەریكا لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران پاشگەز بووەتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو ئامانجانەی كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دیاری كردوون. 

بەپێی سەرچاوەكان، پێوەری سەرەكیی ئەمەریكا لە هێرشنەكردنە سەر ئێران، نیازی ئێرانییەكانە بۆ سازكردنی رێككەوتنێكی نوێ، بۆیە ترەمپ تەنیا پشت بە گفتوگۆكان نابەستێت و بژارەی سەربازی ئەوكات دوور دەخاتەوە كە ببینێت ئێران بە رژدی وەڵامی هەوڵەكانی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن دەداتەوە، بۆیە ئیدارەی ئەمەریكا خشتەیەكی كاتی بۆ سزاكان دیاری كردووە و تەنیا بەو شێوە مامەڵەی لەگەڵدا ناكات كە تەنیا گوشارن لە كاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆكان، بەڵكو جۆرێكە لە خنكاندنی رژێمەكە لەسەر چەند ئاستێكی ئابووری و سەربازییەوە، هاوكات بۆ سەر ئەو وڵاتانەی بە ئاشكرا و بە نهێنی مامەڵە لەگەڵ تاران دەكەن، بەتایبەتی لە بواری نەوت كە پاڵپشتیی لە سوپای پاسداران دەكات.

سەرچاوەیەك لە كۆشكی سپی دەڵێت، مەبەست لە بەردەوامیی سەپاندنی سزاكان لە كاتی گفتوگۆكان بەسەر ئێران، خێراكردنی دەربڕینی هەڵوێستە لە لایەن تاران و پابەندییە بە گفتوگۆكان، دووپاتكردنەوەشە لە لایەن ئەمەریكا بەوەی رێگە بە كاتكوشتن لە لایەن ئێران نادات، مەبەستی ئەمەریكا لە جۆراوجۆركردنی سزاكان، درككردنی تارانە بە مەترسیداریی دۆخەكە ئەوجارە، رێگە نادەن بە دووبارەبوونەوەی ئەوەی لە گفتوگۆكانی رابردوو روویان دا و پێویستە بگەن بە رێككەوتنێكی راستەقینە هەمووان سوودی لێ ببینن و ببێتە مایەی گەیشتن بە ئاشتی.
بەپێی سەرچاوەكە دەست پێكردنی گفتوگۆكان مانای پاشگەزبوونەوەی ئەمەریكا لە هێرشی سەربازی نییە و ئەوەش دەوەستێتە سەر نیازی ئێران لە گەیشتن بە رێككەوتن و رۆژانی داهاتووش هەنگاوی داهاتووی ئەمەریكا و دروستبوونی متمانە و گەیشتن بە ئەنجامی باش لەگەڵ ئێرانییەكان دیاری دەكات، بەڵام ترەمپ زۆر ناوەستێت، تەنیا گفتوگۆیەكی ئاسایی دەوێت كە ئیسرائیل نەخاتە مەترسییەوە و رێگری لەوە بكات رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو بچێتە ناو پشێوییەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل